پشتیوان سادق: پارتی ڕۆژی دووشەممە بۆ گفتوگۆکردن سەردانی لایەنەکان دەکات

بەرپرسی مەکتەبی ڕیکخستنی پارتی لە هەولێر دەڵێت: ڕۆژی دووشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمی لەگەڵ لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەمشەو کاتژمێر 09:30، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕیکخستنی پارتی لە هەولێر، میوانی حاکم فەرهاد، دەبێت لە هەڤپەیڤنێکی تایبەتی کوردستان24، کە باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەکات، دیارترینیان پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
سێشەممە،19ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات."
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە "پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی کردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات و دەیەوێت حکوومەتێک پێک بهێنرێت کە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن."