تورکیا: تاوەکوو سلێمانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بمێنێت، ڕێکارەکانمان دژیان بەردەوام دەبێت

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، داواکارییەکانی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا ڕێگرن لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسی نزیکبوونەوەی شەڕی ئەتۆمی لە جیهاندا "گاڵتە نییە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سەرۆکی تورکیا ئۆفەرێکی گرنگی پێشکەش بە سووریا کرد، بەڵام پێناچێت لایەنی سووریا ئامادە و کراوە بێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک پرس"، ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنانەت ئامادەی دانوستان لەگەڵ نەیارەکانشیان نین، ئەمەش پرسێکی پەیوەندیدارە بەو پێشنیارانەی کە ڕووسیا و ئێران پێشکەشی سووریایان کردووە".

فیدان دەشڵێت، "ئەمە چارەسەر نییە سووریا پێمان بڵێت وەرن لەگەڵتان ڕێکبکەوین، من بەرەنگاری تیرۆر دەبمەوە، بەڵام ئێوەش سنوورەکانی من بەجێبهێڵن و دەستوەردان مەکەن"، گوتیشی: "ئەمەش لە ڕاستیدا هاوتەریب نییە، چونکە ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەک گرنگە، بەتایبەتی لەنێوان عێراق و سووریا".

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "هەنگاوێکی دڵخۆشکەریان نەناوە لە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە'، بۆیە ئێمەش هەنگاو بۆ ڕازیکردنیان نانێین، و بەردەوامین لە ڕێکارەکانمان دژی ئەوان"، جەختیشی کردەوە،  "کاتێک سلێمانی کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە دەهێنێت، ئەوە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێمەدا ئاسایی دەبێتەوە"، چونکە تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، پاراستنی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ ئێمە سوودی بۆ ئەوان دەبێت".

سەبارەت بە مەترسی جەنگی ئەتۆمی، هاکان فیدان ڕوونیکردەوە "مەترسی ئەتۆمی لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە قسە لەسەر ئەتۆمی دەکرێت، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پوتین دەڵێت: "ئەگەر تۆ هێرشی مووشەکی بکەیتە سەر خاکەکەم و نەتوانم بە ئەو ئامرازانەی لەبەردەستمدایە بیانوەستێنم، ئەوە چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێنم، "ئەوە گاڵتە نییە"، لایەنی ئۆکرانیاش دەڵێت، "من ڕێگەت پێنادەم هەر شوێنێک بتەوێت داگیر بکەیت، تەنها لەبەر ئەوەی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەیت".

 

 
 
Fly Erbil Advertisment