لە دوو پارێزگای عێراق بە ڕووداوی جۆراوجۆر، 8 کەس مردوون

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، لە ناوەڕاستی بەغدا کچێک بەدەستی باوکی کوژاوە و هاوکات باوکەکەش هەوڵی خۆکوشتنی داوە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کەسێکی دیکە بە گوللە خۆی کوشتووە و چوار کەسیش بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەوە بریندار بوون، لە دیالەش کەسێکی دیکە خۆی کوشتووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند "لە ناوچەی مەشتەل، باوکێک کە نەخۆشی دەروونی هەبووە، کچەکەی خۆی کوشتووە، پاشان بە نیازی خۆکوشتن گوللەیەک بە خۆیەوە دەنێت، بەڵام بریندار دەبێت و دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە."
ئاماژەی بەوەش کرد "لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، ئەندامێکی لیژنەی یەکەمی فریاگوزاری سەدر، لەکاتی پشووەکەیدا خۆی هەڵواسیووە و مردووە."
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بڵاوی کردەوە "ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی بابل و هاوسەرەکەی و دوو منداڵی لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل لەسەر ڕێگەی بەغدا - کەرکووک لە نزیک باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای دیالە بریندار بوون."
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "لە بەشی پۆلیسی ئەلعوزێمەوە لە ڕووداوێکی دیکە ئاگادارکراینەوە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک لەسەر ڕێگەی سەرەکیی بەغدا - کەرکووک، لە نزیک عوزێم، هاووڵاتییەک کە دانیشتووی بەردەڕەشە، مردووە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری بەعقووبە.