نوێنەری LDS: ئەم سەنتەرە دەبێتە هیوایەک بۆ ئالوودەبووان

ئێدلیسۆن پارێللا، نوێنەری LDS، کە ڕێکخراوێکی خێرخوازی ئەمەریکیە، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، ڕایگەیاند "ئاڵنگاری ماددەی هۆشبەر لە هەموو شوێنك هەیە، کاتێک کەسێک ئالوودە دەبێت، ئەو دیارییەی کە خودای گەورە دەیدا بە هەموو کەسێک، ئەوەیە کەوا ئاژانسێک یان سەنتەرێک هەبێت، لەو ئالوودەبوونە دەربازت بکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە ئەوە سەنتەرە دامەزرێنین، بۆ ئەوەی ئالوودەبووان چارە بکەین، نەک تەنیا ئالوودەبووان بەڵکو خێزانەکانیش، هەروەها ئەوانەی هیوایان لەدەست داوە دەمانەوێت هیوایان بۆ بگەڕێنینەوە."

پارێللا، ڕاشیگەیاند "ئەو سەنتەرە دەبێتە هیوایەک بۆ ئەوکەسانەی ئالوودەبوون، هەروەها دەبێتە هیوایەک بۆ خێزانەکان، بەداخەوە زۆرێک لە ئێمە دەزانین دۆستێک یان هاوڕێیەکمان هەیە کە ئالوودەبووبێت، بۆیە ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە ئەم سەنتەرەی کە بنیاد دەنرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی لەو ئالوودەبوونە ڕزگارمان بێت و دەبێتە هیوایەکە بۆ ئالوودەبوان."

پارێللا گوتیشی: "دەبێت هەمووان هۆشیار بکرێنەوە، ئەوکەسانەشی کە ئالوودەبوون دەبێت دووبارە شیاندەوەیان بۆ بکرێت، هەروەها ئێمەش هیوا دەخوازین لەگەڵ ئێوە بەشدار بین و ئالوودەبووان ڕزگار بکەین."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment