بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان ڕێککەوتن

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، کە تیایدا زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هاوکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان و بەرزکردنی ئاستی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ هەردوولا واژۆ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024،کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندووە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆک هەرێم، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
هەروەها بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر بەهێزکردنی کاری هاوبەشە بنەڕەتییەکانیان وەک تاوانی ڕێکخراوەیی جددی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان ڕێککەوتن و، بە هەمان شێوە ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی پەیوەندی پتەوتر لە هەردوو وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیارییە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە.
بەریتانیا ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەیەکی ئاسایشی سنووری هەرێمی کوردستان. لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، گوتی: "دەمەوێت سوپاسی ئەم میواندارییە بکەم، ئەمە هاوبەشییەکی نوێی گرنگە لە نێوان حکوومەتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک.