عوبەیدە ئەرنائۆوت: ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناوەستن تا دەگاتە دیمەشق

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی کاروباری سیاسی لە حکوومەتی ئینقاز، ڕایگەیاند: گەلی کورد جێگەی ڕێزە و هەموو کەسێک کە لەگەڵ شۆڕشی سووریایە مافی هەیە و جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان ناکەن.
پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، عوبەیدە ئەرنائۆوت، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی کاروباری سیاسی لە حکوومەتی ئینقاز، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: شۆڕشی سووریا بڕیاری خۆیداوە کە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بۆ دیمەشق و ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن تا ئامانجەکانی بە دەست دەهێنێت و سەرجەم کۆچبەران بۆ خاکەکەی دەگەڕێنێتەوە.
گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی کاروباری سیاسی لە حکوومەتی ئینقاز، لەبارەی گەلی کوردەوە دەڵێت: ڕێزێکی زۆر لە گەلی کورد دەنێین، هەموو مرۆڤێك کە لەژێر سێبەری شۆڕشدا بێت مافی خۆی هەیە و جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا ناکەین و وای دەبینین ئەو شیرازە کۆمەڵایەتییە گرنگە و دەمانەوێت ئەم فرەچەشنییە بپارێزین.
جەختی لەوەش کردەوە، ژیانێک بەدەست دەهێنین تێیدا هەموو سوورییەك ئازادی و شکۆی دەبێت، ئێستا قۆناغی لەناوچوونی ڕژێم لە هەموو کاتێک نزیکترە.
هاوکات گوتیشی: ژووری بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاری لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوامە تا ئەو کاتەی دەگاتە دیمەشق.