ئەمەریکا: ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەین و گرتووخانەکانی سووریا دەپارێزین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: دەیانەوێت بەردەوامی بە ئەرکەکەیان لە دژی داعش لە سووریا بدەن و هێزەکانیان لە دژی هەر هەڕەشەیەک بپارێزن.
پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانەمەوانیدا گوتی: ڕژێمی ئەسەد سەدان هەزار کەسی لە سووریا کوشت و ئەشکەنجەی دان و بێسەروشوێنی کردن. لە کۆتاییدا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، ئەمەش کردەوەیەکی بنچینەیی دادپەروەرییە.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوەش کردەوە، ڕووخانی ئەسەد دەرفەتێکی مێژووییە بۆ خەڵکی چەوساوەی سووریا بۆ ئەوەی داهاتووییەکی باشتر بۆ وڵاتە پڕ شانازییەکەیان بونیاد بنێن.
هاوکات دەڵێت: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە، لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لایەنەکانی سووریا و گەلی سووریا کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و بتوانین ئەم مەترسییە نەهێڵین لە داهاتوودا.
ڤێدانت پاتێل، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەکانی سووریا لە پەیوەندیداین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی ڕاگوزەری گشتگیر، دوور لە ڕژێمەکەی ئەسەد بەرەو سووریایەکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی بگرێتە بەر.
گوتیشی: "دەمانەوێت بەردەوامی بە ئەرکەکەمان لە دژی داعش بدەین و هێزەکانمان لە دژی هەر هەڕەشەیەک بپارێزین. هاوکات، ئاسایشی گرتووخانەکان و کەمپی ئاوارەکان بپارێزین."