بەغدا.. بەهۆی شەڕی عەشایەری چەند کەسێک بریندار بوون

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان دوو عەشیرەتەوە لە شاری شوعلە لە ڕۆژئاوای بەغدا، سێ کەس بریندار بوو.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، لە شەڕەکەدا چەک و چەقۆ بەکار هاتووە و بەو هۆیەوە سێ کەس لە شەڕەکە برینداربوون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا ئەندامێکی هێزەکانی ئەمنیی لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بریندار بووە.
گوتیشی: "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و سێ کەس لە هەردوولا دەستگیرکراون و بریندارەکانیش لە ژێر چاودێری پزیشکدان."
شەڕ و ململانێی عەشایەری نێوان خێڵەکانی عێراق ڕیشەیەکی کۆنیان هەیە و زۆرجار بۆ دامرکاندنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەبێت حکوومەتی عێراق هێزی ئەمنیی و سەربازی بجووڵێنێت و نێوەندگیریان بکات.
بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 400 شەڕی عەشایەری ڕوویان داوە و شەڕ و ناکۆکییە عەشایەرییەکانیشی بە هەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتیی ناوبردووە.
هەروەها ئاماژەی داوە "کە چەکی بێمۆڵەت و دیاردەی چەکداری مەترسییەکی زۆر گەورەن لە کاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان خێڵەکان لە باشووری و ناوەڕاستی عێراق دەستی بۆ دەبرێت."
هەر لە ئامارەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە "لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 27 شەڕی چەکداری و 373 ئاڵۆزی بەبێ چەک لە نێوان خێڵەکان تۆمار کراوە و هیچ کاتێکیش ئامادە نەبوون بۆ بنەبڕکردنی ناکۆکییەکان بچنە دادگە و بە یاسا ناکۆکی و کێشەکانیان چارە بکەن."
هەروەها بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان لە دوای شەڕی ئازادیی عێراق لە 2003ـەوە "نزیکەی 20 ملیۆن پارچە چەکی بێمۆڵەت و نا یاسایی لە دەستی خەڵکی ئاساییە و هەندێک جار گرووپە میلیشیاکانیش دەچنە نێو یەکلا کردنەوەی بەشێک لە شەڕە عەشایەرییەکان."