پانۆرامای گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی 2024 لە ئەورووپا

ساڵی 2024 یەکێک بوو لە پڕ ڕووداوترین ساڵەکانی مێژووی کیشوەری ئەورووپا و چەندان ڕووداوی گرنگی سیاسی بەخۆیەوە بینی؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە، نزیکەی زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپا هەڵبژاردنی جوراوجۆریان تێدا بەڕێوە چوو.
بەشێکی ڕووداوە گرنگەکانی ساڵی 2024 لـــە ئەورووپا:
- ساڵی 2024 بە ساڵی هەڵبژاردنەکان لە سەرتاسەری جیهان دادەندرێت، تەنیا لە ئەورووپا لە 31 وڵات هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی وڵات بەڕێوە چوو. لە زۆرینەی هەڵبژاردنەکاندا، حزبە ڕاستەڕەوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هاتنە پێشەوە و دەنگێکی زۆریان بەدەست هێنا.
- مانگی 2ی ئەمساڵ، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا 50 ملیار یۆرۆ بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا خەرج بکات، ئەمەش دوای ئەوەی توانییان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڕازی بکەن ڤیتۆی بڕیارەکە نەکات.
- یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگەکان بۆ ئەورووپا، ئەندامبوونی سوید بوو لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
- لە 22ی ئاداری 2024، باندێکی تیرۆریستی سەر بە داعش، هێرشیان کردنە سەر هۆڵێکی شانۆ لە مۆسکۆ، لە ئەنجامدا زیاتر لە 140 کەس کوژران و 300 دیکەش بریندار بوون.
- ڕووداوێکی دیکەی دیاری کیشوەرەکە، هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا، رۆبێرت فيتسۆ بوو.
- لە سەرەتای مانگی حوزەیران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە چوو. هاوکات، یەکێتی ئەورووپا بۆ جاری دووەم ئورسولا ڤۆندێرلاین وەک سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژارد.
- دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، یەکێتییەکە بڕیاری دا گفتوگۆکانی ئەندامبوونی مۆڵدۆڤا و ئۆکرانیا دەست پێ بکات.
- پێشهاتێکی دیکەی دیاری 2024 لە ئەورووپا، بڕیاری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەی. لە سەروبەندی ئەو پشێویانەدا، پاریس، میوانداریی ئۆلۆمپیادی 2024ی کرد.
- لە مانگی تەمموزدا، کییەر ستارمەر، لە حزبی کرێکاران وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەست بە کاربوو، ئەمەش دوای 14 لە دەسەڵاتی حزبی پارێزگاران، سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بۆ ستارمەر.
- یەکێکی دیکە لە ڕووداوە گرنگەکانی ئەورووپا، هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسک و چوونە نێو خاکی ڕووسیا بوو.
- لە ڕووداوێکی سرووشتیشدا کە زۆربەی مرۆڤایەتی و ئەورووپاییەکانی دڵگران کرد، لافاوەکەی ئیسپانیا بوو، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 224 کەس گیانیان سپارد.
- لە دوایین پێشهاتیشدا، سەرۆکی ئەڵمانیا بڕیاری دا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە مانگی دووی ساڵی نوێدا کرد.