ژمارەی مردووانی فڕۆکە کۆرییەکە گەیشتە 179 کەس
تەنیا دوو سەرنشین ڕزگاریان بووە و 65 تەرمیش ناسراونەتەوە

بە گوێرەی دوا ئاماری حکوومەتی کۆریای باشوور، ژمارەی قوربانیانی فڕۆکە نەفەر هەڵگرەکەی فڕۆکەخانەی موان، گەیشتووەتە 179 کەس و تەنیا توانراوە 65 تەرم ناسراونەتەوە، بۆ ناسینەوەی قوربانییەکانی دیکەش نموونەی ناوکەترش (DNA) وەردەگیرێت.
حکوومەتی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، لە کۆی 181 سەرنشینی ئەو فڕۆکەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2024، کە لە فڕۆکەخانەی بانکۆک فڕی بوو و لە فڕۆکەخانەی موانی باشووری ڕۆژئاوا کەوتە خوارەوە، تەنیا دوو سەرنشین ڕزگاریان بووە و سندوقە ڕەشەکەی فڕۆکەکەش دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، جۆ جۆنگ وان، جێگری وەزیری گواستنەوەی کۆریای بشوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سندوقە ڕەشەکەدا تۆماری دەنگی ئەفسەرانی فڕۆکە و تۆمارەکانی دیکەی گەشتە دەرهێنراون.
هەروەها لی جیۆنگ هیۆن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی شاری موان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەگەری زۆر، ڕووداوەکە بەهۆی خۆپێداکێشانی باڵندە و خراپی کەشوهەوا بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکان ئاشکرا دەکرێن.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر لە جۆری بۆینگ 737-8AS، لە کاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی موان کەوتنە خوارەوە، کە 181 سەرنشینی تێدا بوو، لە نێویاندا شەش کەسیان دەستەی فڕۆکەوانی بووە، ئەمەش بە خراپترین کارەسات لە مێژووی وڵاتەکە دادەنرێت.