شوان کەلاری: لە بەغدا بە مەبەست کێشە بۆ هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق دروست دەکرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هەندێک بەرپرس لە بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبوون و دەیانەوێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، هەر ئەمەش وایکردووە، مووچە بە تەواوی نەنێرن و بە ئەنقەست هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دوا بخەن.
شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "کاربەدەستانی بەغدا هەمیشە دەیانەوێت کێشە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، تەنانەت کێشە بۆ حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانیش دروست دەکەن."
گوتیشی: "لە کۆتا کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری داریی عێراق، بەڵێنی ناردنی تەواوی مووچەی مانگی 12ـی دابوو، بە تەواوکاری مووچەی مانگی 11ـەشەوە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 12ی نەناردووە."
شوان کەلاری دەڵێت: "لە هەردوو مانگی 10 و 11، حکوومەتی عێراق 600 ملیار دیناری نەناردووە، ئەمەش کورتهێنانە."
ئاماژەی بەوەش کرد "بەغدا 50 ماددەی دەستووری تایبەت بە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانی پێشێل کردووە، هەر بۆ گرفت دروستکردن تاوەکوو ئێستا یاسای نەوت و غازیان جێبەجێ نەکردووە، کە بەهۆیەوە 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق کەوتووە، ئەمەشیان بە مەبەستە و تەنیا بۆ ئەوەیە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە نەکاتەوە."