ڤیان سەبری: چەندین ساڵە حکوومەتی فیدراڵ مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: چەندین ساڵە حکوومەتی فیدراڵ مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ناکات، مامەڵەی نەوەک هەرێمێکی فیدراڵی، بەڵکو وەک پارێزگایەکیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات.
شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەیەکی مێژووی بوو لە کاتێکی هەستیاردا، گوتی:" چەندین ساڵە حکوومەتی فیدراڵ مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ناکات، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەولێر شێوازیی فیدراڵی نییە، زۆر جار کەمتر لە پارێزگایەکە، هەر جارێک بەپێی هەوەسی خۆی مووچە و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بە کەم و کورتی و دواکەوتن و کێشەی دیکە دەنێرێت.
ڤیان سەبری ئاماژە بەوە دەکات، عێراق ڕۆژانە فەرمانبەرانی خۆی زیاد دەکات و دایاندەمەزرێنێت، سەر مووچە هەیە و ژمارەی حەشدی شەعبی زیاد دەکات، بەشێوەیەک وایان لێکردووە حەشدی شەعبی ببێتە ڕێکخراوێکی زۆر گەورە، بەڵام ڕێگە نادەن دوو کەس لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن و گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت.
ڤیان سەبری ئاشکرای دەکات: بەغدا ساڵی 2024، زیاتر لە 22 ترلیۆن دیناری لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان خەرج کردووە، هەر لەو ساڵەدا یەک دینار و یەک فلسی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان نەناردووە.
دەڵێت: پێویستە مووچە و شایستەی خەڵکی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لە بەغداوە گرەنتی بێت، هەمووارکردنەوەی بڕگە و خشتەکان و خەرجی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو خەرجییە ڕاستەقینەیە بێت کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، نەوەک بەپێی هەوەسی خۆیان، دەشڵێت: بابەتێکی دیکە ئەوەیە، بۆ ساڵی 2026 بتوانین ڕێژەی هەرێمی کوردستان نەبێتە بەش بەش.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە بوودجەدا، پێنج لە سەدی بۆ خەرجی سیادی دەڕوا کە زۆر بابەتی تێدایە بۆ کردستان نییە، دەڵێت: لەو قەرزەی عێراق لە وڵاتان وەری دەگرێت، تەنها 2.3 لەسەد دراوەتە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێویستە بەشی هەرێمی کوردستان هیچ نەبێت 12.67 لە سەد بێت لەو قەرزانە.
ڤیان سەبری ئاشکرای کرد، ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەبوو، وەزیرانی کورد لە حکوومەتی فیدراڵ سەرەتا بچنە لای سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێبدەن کە ئەمڕۆ ئێمە ناڕازین بەو مامەڵەیەی چەندین ساڵە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات.
ئاماژە بەوەش دەکات، بەغدا ساڵی 2024، زیاتر لە 122 ترلیۆن دیناری خەرج کردووە، تەنها 10 ترلیۆن و 26 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان لەو پارەیە خەرج کردووە، نازاندرێت پارەکەی دیکە چی لێهاتووە و بۆ کێ چووە، لەکاتێکدا پارەکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش ناچێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڤیان سەبری باسی ماددەی 132ـی دەستووری کرد کە ئاماژە بە قەرەبووی ئەنفال دەکات و تا ئێستا بەغدا هیچ قەرەبووێکی ئەنفالیان نەکردووە، لەکاتێکدا هەموو قەرەبووێکی زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی خۆیان کردووە.
ڤیان سەبری دەشڵێت: بەغدا هیچ هاوکارییەکی ئاوارەکان و کەمپەکانی نەکردووە، هەموو ئەرکەکە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش گوتی: بەغدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیشی بە سیاسی کردووە، دەڵێت: لە بودجەی فریاکەوتن، حکوومەتی فیدراڵ لە لافا و سووتانی لەنگە و بازاڕەکانی هەولێر هیچ پارەیەکیان نەنارد کە دەبووا بینێرن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێی وایە، یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا کاریگەریی خۆی دەبێت، دەبوو هەموو لایەنەکان بەشداریی بکەن بۆ ئەوەی لە پرس و بابەتەکان ئاگەدار بن، هەر پێشنیاز و گلەییەکیان هەبێت، دەبووا لەوێ بیخەنە ڕوو.
دەڵێت: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زامنکردنی مووچە و شایستەکانی ساڵی 2025 خەڵکی کوردستان بوو، هاوکات گەیاندنی پەیامێک بە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کە ئەمڕۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، دەشڵێت: ئێستا عێراق لەسەر سێ پێیە، پێیەکی کورد و یەکی سوونە و یەکی شیعەیە، گەیشتینە قۆناغێک بە بەغدا بڵێین لێرەوە دەبێت چارەی کێشەکان بکرێت بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنی سیاسی، پێویستە پابەند بن بە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرکی ئێمەیە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا ماف و شایستە داراییەکانی کوردستان دابین بکەین.