هاکان فیدان: نەمانی ڕژێمی ئەسەد کاریگەری ئەرێنی بەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران هەبووە

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: هیواخوازین لەبارەی دۆخی سووریا و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیری ناوچەکە بگەینە لەیەک تێگەیشتنێکی هاوبەش.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی عەرەبیدا گوتی: بەهۆی ئەو سیاسەتەی لە سووریا هەیەتی، کێشەمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، لە کاتێکدا سەرەتا پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکرد، بەڵام دواتر ئەمەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گۆڕی .
ئەمەریکا لە سووریادا پەکەکە و یەپەگەی بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئێمە بە ئەمەریکییەکانمان گوتووە، ئەمە هەڵەیە و دەتوانین بەشێوەیەکی دیکە رووبەڕووی داعش ببینەوە.
هاکان فیدان، باسی لەوەشکرد، پێشووتر باراک ئۆباما گوتبووی، پاڵپشتیکردنی پەکەکە و یەپەگە کاتییە، کاتێک ترەمپ هات، ویستی ئەمە لاببات، بەڵام هەندێک لایەنی ناو ئیدارەی ئەو کاتی ئەمەریکا دژی ئەمە وەستان و نەیانهێشت کۆتایی بە پشتیوانییەکان بهێندرێن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمەشی گوت: لە ناو یەپەگە زیاتر لە دوو هەزار چەکداری بیانی هەن و بە ناوی هەسەدە دەجەنگن، ئەمەریکا وەک پاسەوانی بەندیخانەکانی داعش، هەسەدە بەکاردێنێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت هەسەدە چەک دابنێت و مافەکانی کورد بپارێزرێن.
هاکان فیدان ڕاشیگەیاند، پێویستە نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کاریگەریی ئەرێنی بەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێرانەوە هەبێت، چونکە کاتێک ئەو ڕژێمە لە دەسەڵات بوو، جەمسەرگیریی لە نێوان تورکیا و ئێران هەبوو، بەڵام ئێستا ئەمە نەماوە.