وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ کوردستان24: دەبێت کورد لە حکوومەتی داهاتووی سووریا بەشدار بێت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فەرەنسا پابەندە بەوەی کورد بە تەواوی لە حکوومەتی داهاتووی سووریا بەشداربن.
ژان نۆوێل بارۆ، ئاماژەی بەوەش دا، "پێویستە چارەیەکی ئاشتیانە لە سووریا هەبێت، بەجۆرێک ڕێز لە کورد بگیرێت و ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەبەرچاو بگیردرێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوەش کرد کە "فەرەنسا پابەندە بەو ڕاستییەی کورد لە سووریا دەبێت بە تەواوی لە حکوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە بەشدار بن، پێویستە چارەیەکی سیاسی هەبێت، بەجۆرێک مافی کورد لە سووریا بپارێزێت."
هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیی ئاسایشی تورکیا، پێویستە چارەیەکی ئاشتییانە دەستەبەر بێت، کە ڕێز لە کورد بگرێت و ئەو ڕاستیەش لەبەرچاو بگرێت و کورد ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەو چەکدارانەی داعشیش کە لە سووریا دەستگیر کراون، نابێت ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەورووپاش."