خەڵکی کۆریای باکوور ڕاپۆرتی ساختەی تووشبوونی نەخۆشی سیل بۆ کوڕەکانیان دەردەهێنن

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی نیوز ویک، ئەمڕۆ شەممە، 1ـی شوباتی 2025، خێزانەکانی کۆریای باکوور زیاتر لە 100 هێندەی تێکڕای مووچەی مانگانەیان دەدەن بۆ ئەوەی بەساختە ڕاپۆرتی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل بۆ کوڕەکانیان دەربکەن، تاکو نەنێردرێنە بەرەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەزەندە دەکەن، ڕژێمی کیم جۆنگ ئون، 12 هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە، بۆ بەشداریی لە شەڕی "کورسک" تاکوو هاوکاریی ڕووسیا بکەن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئۆکرانیا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای هەژاری و کەمیی سەرچاوە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەت و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، کۆریای باکوور یەک ملیۆن و 300 هەزار سەربازی هەیە، کە چوارەم گەورەترین سوپای جیهانە، جگە لە 7.6 ملیۆن سەربازی یەدەگ، کە دەکاتە نزیکەی 30%ی دانیشتووان.
لە کۆریای باکوور، پێویستە پیاوان بۆ ماوەی 10 ساڵ خزمەتی سەربازیی بکەن، لەکاتێکدا ژنان پێویستە 5 ساڵ خزمەتی سەربازیی بکەن.
بەپێی سەرچاوەکانی کۆریای باکوور، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوەش کراوە، تێچووی بەرتیلدان بە بەرپرسانی نەخۆشخانەکان بۆ دەرکردنی ڕاپۆرتی ساختەی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پێنج هێندە زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی ڕێگریی خێزانەکان لە ناردنی کوڕەکانیان بۆ شەڕی ڕووسیا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم بڕە پارە زۆرە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تێکڕای مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی حکوومەتی لە کۆریای باکوور، لە نێوان 5 هەزار بۆ 10 هەزار وۆن (1تا3 دۆلار)ە.
چەند دایکێک لە پارێزگای ڕیانگانگ بە ئاژانسی (ئاڕ ئێف ئەی)یان گوتووە: ترسەکەمان ئەوەیە ئەگەر کوڕەکانیان پەیوەندیی بە سوپاوە بکەن و بنێردرێنە ڕووسیا، جارێکی دیکە بە زیندووی نایانبیننەوە.
سەربازێکی دیلکراوی کۆریای باکوور بە بەرپرسانی ئۆکراینی ڕاگەیاند، پێشوەختە ئاگادار نەکراوەتەوە کە بەرەو ڕووسیا دەڕوات، تەنانەت ناشزانم لەگەڵ کێ شەڕ دەکەم.
ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆریای باکوور، ڕژێمەکە بە نهێنیی بەڵگەنامەی مردن بۆ سەربازەکان دەردەهێنێت و ئاگاداری کەسوکارەکانیان دەکاتەوە گوایە ئازیزەکانیان لە کاتی "مەشقی شەڕی پیرۆزدا بۆ ڕێزگرتن لە نیشتمان" گیانیان سپاردووە، بەبێ ئەوەی بارودۆخی ڕاستەقینەی مردنیان ئاشکرا بکات.
لە کۆریای باکوور زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل هەیە و بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2023دا لە هەر 100 هەزار کەس دا 513 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی سیل تۆمار کراوە.