سوودانی لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر پێکدەهێنێت

محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لێژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنا.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونی بۆ ڕووداوی هێرش کردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، هەروەها کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە نەبووە.

ئاماژەی بەوەش دراوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لێژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر پێکهێناوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لەگەڵ پێشمەرگە لە پەیوەندیی بەردەوام بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئابووری و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی گەل، بە ئامانجگرتنی سەرجەم عێراقییەکانە، هێزە ئەمنییەکان هەرگیز ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە نادەن و تۆڵە لە هەر کەسێک دەکەنەوە کە بیەوێت یاری بە ئاسایشی ئابووریی وڵات بکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ، نزیکی کاتژمێر 7:10 بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لەم بارەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: هێرشەکە هیچ زیانێكی بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز نەگەیاندووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکەش دەكرێت.

هەروەها لە 26ـی نیسانی ساڵی ڕابردووش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەوە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment