وەزیری دەرەوەی هەنگاریا داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا لە ئەمەریکا دەکات

پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا باس لە ئەگەری هەڵگرتنی هەندێک سزای سەر ڕووسیا دەکات
سیارتۆ، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە واشنتن لەگەڵ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، باسی لە ئەگەری هەڵگرتنی هەندێک سزای وزەی سەر ڕووسیای کرد.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی هەنگاریا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی تا خێراتر ململانێکان لە ئۆکرانیا چارە بکرێن، زووتر ئەو سزایانە هەڵدەگیرێن.
سیارتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێم وەن، باسی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە لەگەڵ بێسنت کرد و گوتی: بێگومان ئێمە پرسی ئەو سزایانەمان وروژاند کە لەلایەن ئیدارەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، جۆو بایدن، سەپێنراون و زیان بە ئاسایشی وزەی هەنگاریا دەگەیەنن.
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا گوتیشی: بۆ ئێمە ڕوونە کە داهاتووی سیاسەتی گەمارۆکان پەیوەندییەکی نزیکی بەوەوە هەیە کە شەڕی ئۆکرانیا چەندە خێراتر و چۆن کۆتایی پێ بێت، هەرچەند زووتر شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی پێ بێت، ژیانی سیاسیی نێودەوڵەتی خێراتر دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و زووتر دەتوانین لە سزا جۆراوجۆرەکان ڕزگارمان بێت.
سزاکانی ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا سەپاندوویانە، گورزێکی سەختە کە ئیدارەی بایدن لە هەنگاریای داوە، چونکە تا ئێستاش پشت بە هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا دەبەستێت.
لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمی 2024 واشنتن سزای بەسەر گازپرۆمبانکدا سەپاند، کە لەڕێگەیەوە یەکلاییکردنەوەی دارایی نێوان ڕووسیا و هەنگاریا بۆ دابینکردنی نەوت و گاز و دروستکردنی قۆناغی دووەمی وێستگەی ئەتۆمی پاکس، دەکرا، پاش ئەو سزایە مۆسکۆ و بوداپێست دەبوو بەدوای شێوازی جێگرەوەدا بگەڕێن بۆ پارەدان.
سیارتۆ، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو "وڵاتەکەی ئەو هەنگاوە بە نادۆستانە و بە تۆڵەسەندنەوەی سیاسی لە لایەن ئیدارەی بایدن لە دژی هەندێک وڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، دەزانێت."