قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکی دیکەی باکووری کوردستان دانرا

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دانانی قەییومی لە شوێنی محەممەد ئاڵکان، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی کاغزمانی لە سنووری پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان دەرکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان بە سزادانی محەممەد ئاڵکان، سەرۆکی شارەوانی کاغزمان بە تاوانی ئەندامێتی و پەیوەندی بوون بە پەکەکەوە، لە ئەمڕۆکەوە ئۆکان داشتان، وەک قەییوم پۆستی سەرۆکی شارەوانیی کاغزمان بەڕێوە دەبات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆکان داشتان خۆی قایمقامی کاغزمانە و لە هەمانکاتدا پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی شارۆچکەکەش بەڕێوەدەبات، کە نزیکە لە پارتی دەسەڵات.
هەفتەی ڕابردوو، هۆبەی دووەمی دادگای باڵای تاوانەکانی قەرس بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر محەممەد ئاڵکاندا سەپاند.

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی قەرس، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی لقی دژە تیرۆری بەشی پۆلیسی پارێزگاکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە 1ی تشرینی دووەمی 2019، محەممەد ئاڵکانیان دەستگیرکرد، هەرچەندە بەشێوەیەکی کاتی و بە کەفالەت ئازاد کرا، دواتر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە 31ی ئاداری 2024 لەسەر لیستی دەم پارتی بە سەرۆکی شارەوانی کاغزمان هەڵبژێردرا.
هەڵوێستی دەم پارتی بەرانبەر بە دانانی قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی کاغزمان:
دەم پارتی هەر زوو لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستیی خۆی بەرانبەر بە دانانی قەییوم لە شوێنی محەممەد ئاڵکان، خستەڕوو و سیاسەتی سەپاندنی قەییومی ڕەتکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی هاتووە، "ئەمە لێدانە لە دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک و هاوسەرۆکانیی هەڵبژێردراومان، بە هیچ شێوەیەک دانی پێدا نانێین، سیاسەتی دانانی قەییوم دەڕوخێت و ئیرادەی خەڵک سەردەکەوێت. "
دەم پارتی ڕاشیگەیاندووە، "جارێکی دیکە ترساوەکان بە گژ ئیرادەی خەڵک داهاتن و بە دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی کاغزمان، شەڕی حکوومەتی ئاکپارتییە لە دژی مافی دەنگدان و هەڵبژاردن، شارەوانییەکانمان بە ئامانج دەگیرێن، چونکە خزمەتی خەڵک دەکەن و سیستەمی گەندەڵی تێک دەشکێنن، بەڵام نە ئێمە و نە هاووڵاتییانمان سیاسەتی سەپاندنی قەییوم قەبووڵ ناکەین. "
شاڵاوی لادانی سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی و سەپاندنی قەییوم:
هەروەها لە 28ی کانوونی دووەمی 2025، سزای زیندانی بۆ سۆفیا ئالاغاش، هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرتی باکووری کوردستان دەرچوو و قەییوم لە جێگەی دانرا. ئالاغاش بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" تاوانبار کرا و دواجار لە حەوتەمین دانیشتنی دادگا سزای شەش ساڵ و 3 مانگی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سۆفیا ئالاغاش، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2024، کاندیدی دەم پارتی بوو و لە دوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار، قەییوم بۆ هەشت شارەوانی دەم پارتی دانراون، کە بریتین لە هەکاری، ماردین، باتمان، دێرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، باخچەسەرای و دوایینیشیان لە سێرت بوون.
هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا لەسەر دانانی قەییوم لە باکووری کوردستان:
پشتریش بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی تورکیا هەر یەک لە محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵلا زێدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و قەییوم لە شوێنەکانیان دانرا.
ئەمەش نەک هەر لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان ناڕەزایی لێکەوتنەوە، بەڵکو پەرلەمانی ئەورووپا لە ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا گرت ڕایگەیاند، لە 13ـی شوباتی 2024، کۆمەڵێک بڕیار لەلایەن دادگا و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دراوە و دانانی قەییوم و سزاکانی سەر محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵلا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، بێ بنەمان