یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا پەنا بۆ ئەمەریکا دەبەن

کۆبوونەوەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا، لەبارەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و باشتر کردنی پەیوەندییە دوولایانەکانیان، وای لە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا کردووە سەردانی واشنتن بکەن و لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمەریکا کۆ ببنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی AFP بڵاوی کردووەتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆ دەبێتەوە.

بە گوێری ئاژانسە فەرەنسییەکە، سەرۆکی فەرەنسا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا چەند پێشنیازێکی کردەی لەبارەی هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەورووپا و ئاشتیی لە ئۆکرانیا  ئاراستەی  سەرۆکی ئەمەریکا دەکات. 

لە سێیەمین ساڵیادی هێرشی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئیمانوێڵ ماکرۆن بەو هیوایە دەچێتە ئەمەریکا کە بتوانێک دۆناڵد ترەمپ لە بەشداری پێکردنی یەکێتیی ئەورووپا لە گفتوگۆیەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا قایل بکات.

هاوکات، کایا کالاس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆ بوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند "سبەی سێشەممە، سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە."

هەروەها لە بارەی پەیوەندییەکانی ئەم دوایانەی ڕووسیا و ئەمەریکا گوتی: ئەوان لە کۆ بوونەوەکەیاندا دەتوان باس لە هەر شتێک بکەن کە بیانەوێت، بەڵام کە بابەتەکە بووە ئۆکرانیا و یەکێتیی ئەورووپا، ئەوە دەبێت ئێمەش بە ڕێککەوتننامەکان ڕازی بین.

 چوارشەممە، 19ــی شوباتی 2025، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند "کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا هەفتەی داهاتوو سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دیداری دەبێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە ڕیاز کۆ بوونەوە، بەمەش سەرکردەکانی ئەورووپا بەهۆی بەشداریپێنەکردنیان لە دانوستاندنەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا نیگەران بوون. 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment