پەرلەمانتارێک هۆشداری لە زیادبوونی بەعسیەکان لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەدات

دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، نوێنەری پارێزگای بەسرە لە پەرلەمان هۆشداری دا، لە زیادبوونی هەژموونی بەعسییەکان لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، لەم دواییانەدا وەزیرێکی بەعسیی وەک ڕاوێژکاری سوودانی دامەزرێنراوە.
خەلەف عەبدولسەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "ئێمە بە نائومێدیەوە چاودێریی بێدەنگی زۆرینەتان دەکەین، سەبارەت بە بەردەوامی زیادبوونی هەژموونی بەعسییەکان لە دامودەزگاکانی حکوومەت دا، کە دوایینیان دانانی عەبدولئیلاه تکریتی، وەزیری پێشووی سەردەمی ڕژێمی بەعس بووە. وەک ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران دامەزرێندراوە." گوتیشی: "بەعسیەکان پۆستی گرنگ لە وەزارەتە سیادییەکان وەردەگرن، لەوانەش وەزارەتی دەرەوە و هی دیکە، جگە لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، هەروەها میدیای بەعسی کار لەسەر عەقلی گەنجانمان دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بۆ ڕاگرتنی ئەم فراوانبوونە فیکرییەی بەعسی تاوانبار بکەن."
عەبدولسەمەد باسی لەوەش کرد "پێویستە هەڵوێستی جددی وەربگرن و پێداچوونەوە بە حیساباتەکانتاندا بکەن و ئەولەویەتەکانتان دابڕێژنەوە و خۆتان لە کۆمەڵگاکەتان جیا نەکەنەوە، کە ئازاریان لەسەر دەستی بەعسییەکان دیتووە."