ئەفسەرێکی کوردی سوپای عێراق حەوت ڕۆژە دەستگیر کراوە

سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: عەقید ڕێبەر مزووری، بە تۆمەتی هاوکاری و لایەنگیریی جووتیارانی کورد حەوت ڕۆژە دەستگیر کراوە.
سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، عەقید ڕێبەر مزووری، تاکە ئەفسەری کورد لە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، دوای گرژییەکانی هەفتەی ڕابردووی گوندی شەناغە، بە بڕیاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەستگیر کرا.
سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق بە کوردستان24ـی گوت: ئەو ئەفسەرە بە تۆمەتی هاوکاریکردن و لایەنگیری جووتیارانی کورد، لە ژوورێک دەستبەسەر کراوە و بڕیارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت و بەپێی ماددەی 67 یاسای سزادانی سەربازیی، سزا دەدرێت.
دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، بە پێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، عەقید ڕێبەر شکور مزووری، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەسنووری سەرگەڕان، بەهۆی مامەڵەی کوردانە و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ جووتیارانی سنووری سەرگەڕان هەیبوو، وەکو سزایەک، بەبڕیاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ سەربازگەی کەی وەن گوازرایەوە.