بافڵ تاڵەبانی: پشتیوانیی لە هەر هەنگاوێک دەکەین کە برایەتی کورد و تورک دەباتە پێشەوە

سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە گوتی: هیوادارم هەموولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین و هەنگاوی کرداری بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشوازیی لە پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەین، پێمانوایە پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، یەکێتی، ئەم پەیامە بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت و، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانیی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: هیوادارین هەموولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین و هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەین کە مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.