ئاکپارتی: کاتی هاتووە بگەینە ئامانجی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) جەخت دەکاتەوە، کە دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەخۆی و باڵەکانی لە پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە لە عێراق و سووریا دوای چەکدانان، خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، عومەر چەلیک، سەبارەت بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بۆ چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، گوتی: "ڕێکخراوەکانی تیرۆریستی بەبێ جیاوازی ناوەکانیان، پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە، هەسەدە، بە هەموو دەست و پێوەندەکانیان لە عێراق و سووریا، دەبێت چەک دابنێت و خۆیان هەڵبوەشێنێتەوە".

گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بە پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی: "لە سایەی ئیرادەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار، پرسی کورد چارە بووە، لەم سۆنگەیەوە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی، ڕایگەیەنین کە کاتی هاتووە بگەینە ئامانجی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر".

دوێنێ پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمڕاڵی کۆتایی هات.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 28ی تشرینی دووەمی 1978 لە شارەدێی لیجەی دیاربەکر دامەزراوە و لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، تورکیا و چەندین وڵاتێکی دیکەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

هەروەها عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە بە تاوانی دامەزراندنی "ڕێکخراوی تیرۆریستی و سەرکردایەتیکردنی" سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment