ئەڵمانیا: لەگەڵ پۆڵەندا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەردەوام دەبین

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا کردەوە و گوتی: لەگەڵ پۆڵەندا و فەرەنساش کار دەکەین بۆ ناردنی هاوکاری سەربازیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا.

شەممە 1ـی ئاداری 2025، ئەلینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: لەگەڵ پۆڵەندا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەردەوام دەبین، و هاوکاری سەربازیی زیاتریان بۆ دەنێرێن.

لای خۆیەوە، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA)، ڕەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گرت، لەبەرانبەر ئەو شەڕە قسەیەی کە دوێنێ لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیادا هەیبوو.

شتاینمایەر، گوتی: دیپلۆماسییەت کاتێک شکست دەهێنێت، کە هاوبەشەکانی لەبەردەم جیهان زەیل بکرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی لە کۆشکی سپی ڕوویدا بڕوا پێنەکراو بوو، هەرگیز بڕوام نەدەکرد شتێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، ڕەنگە ناچاری بین بەرگریی لە ئۆکرانیا لە بەرانبەر ئەمەریکا بکەین.

گوتیشی: "دەبێت ڕێگری لەو هەوڵانە بکەین کە ئۆکرانیا ناچار بە ملکەچبوون دەکات".

ترەمپ، ڕۆژی هەینی 28ـی شوباتی 2025، زێلێنسکی، بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی جیهان و ڕەتکردنەوەی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا تۆمەتبار کردو  هۆشداریشی دا لەوەی کە زێلێنسکی قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەم و ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment