ئیسرائیل بۆ ئەورووپا: ڕێگە بە هاتنەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە نادەین

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، وەڵامی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەورووپا لەبارەی غەززەوە دایەوە و ڕایگەیاند: ڕێگە بە هاتنەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە نادەین.
چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێن، حەماس دەستی بەسەردا دەگرێت و بۆ دروستکردنی پێویستی جەنگ بەکاری دەهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بارهەڵگرەکانی فریاگوازریی بوونەتە داینەمۆی ئابووریی حەماس، هەروەها نیوەی بودجەی حەماس لە غەززە لە ڕێگەی ئەو بارهەڵگرانەوە بۆی دێت.
ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕێگە بە حەماس نادەن خۆێ ڕێک بخاتەوە و بەهێز ببێتەوە تا دووبارە هێرش بکاتەوە سەر هێزەکانیان.
هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، داوا لە ئیسرائیل دەکەن، ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە نەکات.
هاوکات داوا دەکەن، هاوکارییەکان بە خێرایی و بەبێ هیچ بەربەستێک بگەیەنرێنە غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە غەززە.