ترەمپ: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترەمپ: پوتین ئاشتی دەوێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، لەو بارەیەوەش بەم نزیکانە دەگەینە ئەنجامێک، هەروەها لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ هۆشداری دەداتە ڕووسیا و ئۆکرانیا.

هەینی 7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد و باسی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئاگربەستی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد.

دۆناڵد ترەمپ ڕاگەیاند، لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە کۆتا سات، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.

هەروەها گوتیشی: لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەینە ئەنجامێک، هیوادارم بگەیەنە ڕێککەوتنێک.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ئێران وڵاتێکە مایەپوچ بوو، بەڵام ئێستا خاوەنی پارەیەکی زۆرە.

"پوتین ئاشتی دەوێت"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا هۆشداری دا و  ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن نەکەن ئەوە جەنگی سێیەمی جیهانی ڕوودەدات.

ئاماژەشیدا، ئەمەریکا دەیەوێت جەنگ ڕابگرێت، ئەگەر بزانێت ئۆکرانیا ئاشتی ناوێت، ئەوە لە پرۆسەکە دەردەچن.

هەروەها گوتیشی: لە هەفتەی داهاتوو لە سعوودیە کۆبوونەوەمان دەبێت و هاوکارییان دەکەین بگەنە ڕێککەوتن.

دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسیا و ئۆکرانیا هیچ کارتێکیان لەبەر دەستادا نییە جگە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن. 

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت: ڕووسیا زۆر بەخشندەییە، پێموایە پوتین ئاشتی دەوێت، کارکردن لەگەڵ پوتین ئاسانتر بوو لەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment