لە نەینەوا بەدرۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سوپای تورکیا

شەوی ڕابردووم بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سوپای تورکیا لە سنووری شارەدێی باشیک لە دەشتی نەوینەوا، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 10:20 خوولەکی شەوی ڕابردوو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بنکەی سەربازیی زێلکانی سوپای تورکیا لە شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا کراوە ئامانج، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
سەبارەت بە هێرشەکەشەوە هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی بەرگری تورکیاش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
ساڵی 2015 سوپای تورکیا بە مەبەستی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی حەشدی وەتەنی، کە ھێزێکی سووننە مەزهەبەکانی عێراقە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بنکەیەکی سەربازی لە باکووری چیای باشیک لە زێلکان کردەوە و تاوەکوو ئێستاش هێزەکانی هەر لەو بنکەیە جێگیرن.
تاوەکوو ئێستا چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بنکەی سەربازی سوپای تورکیا لە زێلکان کراوەتە ئامانج، دواجار کاتژمێر 7:45 خوولەکی بەیانی ڕۆژی چوارشهممه 1ـی شوباتی 2023، هەشت مووشەک ئاراستەی بنکەکە کران.