ئەفریقا.. درۆنەکان ژیانی خەڵکی سڤیل دەدروونەوە

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی ئاشکرای دەکات، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) پتر لە هەزار کەسی سڤیلی ئەفریقاییان کوشتووە و سەدانی دیکەشیان بریندار کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا پتر لە 50 هێرشی درۆنەکان کراوەتە سەر دانیشتووانی سڤیل و هەر جارەش خەڵکانێکی زۆر بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
ڕۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، کورا مۆریس، گوتەبێژی گرووپی بەرەنگاربوونەوەی درۆنە سەربازییەکان، ڕاپۆرتیکی سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی ئەو درۆنانە لە ئەفریقا بڵاو کردەوە و تێدا هاتووە "هەرچەند ئێستا زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر بەکارهێنانی درۆنی سەربازی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام درۆنی هەرزانبایی بەیرەقداری تورکی، بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئەفریقا بەکار دەهێنرێت."
مۆریس دەڵێت: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بەکارهێنانی ئەم جۆرە درۆنانە هەڵوێستی هەبێت، چونکە ناکرێت خەڵکانی بێتاوان ببنە قوربانی ئامێرێکی بێگیانی خوێنڕێژ.
تاکو ئێستا، بەکارهێنانی درۆنی سەربازی بە زۆریی لە شەش وڵاتی ئەفریقایی سەلمێنراوە، وەک سوودان، مالی، نێیجریا، بورکینافاسۆ و ئەسیوپیا. لە مالی، لای کەمیی 64 کەسی مەدەنی لە نۆ هێرشی درۆنەکاندا کوژراون. لە بورکینافاسۆ پتر لە 100 هاووڵاتی لە هەڵمەتی درۆنەکانی سوپای ئەو وڵاتەدا کوژراون.
ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە گرووپی بەرەنگاربوونەوەی درۆنە سەربازییەکان، ڕایدەگەیەنن تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 دا پتر لە 940 کەسی مەدەنی لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا کوژراون!
زۆربەی ئەو درۆنانەش لە تورکیا، چین و ئێرانەوە هاوردەی ئەفریقا دەکرێن، خواستی ئەو وڵاتانەش بۆ کڕین و بەکارهێنانی ئەو ئامێرە شەڕکەرە هەرزان و وێرانکەرە، بە تایبەت ئەو جۆرەی لە بەرزاییەکی مامناوەند و بۆ ماوەیەکی زۆر دەفڕن، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت؛ ئەمەش بووهتە مایەی نیگەرانیی و لە هەمانکاتدا تووڕەیی ڕێکخراوە مەدەنی ودژە شەڕەکان.
دوا نموونەش بۆ کاریگەریی وێرانکاریی ئەم درۆنانەش، شەڕی ناوخۆی سوودانە، کە هەردوو لایەنە دژ بەیەکەکان، ڕۆژانە بەکاری دەهێنن و زۆرینەی قوربانییەکانیش هاووڵاتیانین.