لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: مەترسی داعش کۆتایی نایەت

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان ئاشکرای دەکات، هێشتا داعش مەترسییە لەسەر عێراق و ناوچەکە، دەشڵێت: داعش کۆتایی نایەت و چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان بۆ کوردستان24ـی گوتی: پێشمەرگە لە ساڵی 2014ـەوە ڕۆڵی کاریگەریی هەبووە لە سستکردنی چالاکییەکانی داعش، بەڵام چالاکییەکانی لە ناوچەکانی دیالە و کەرکووک و سەڵاحەدین، نەینەوا و بیابانەکانی ئەنبار، لەگەڵ هەردوو ناوچەی سەختی چیای قەرەچوغ و چیای حەمرین، بەردەوامە، دەڵێت: دەبووا ئاماژە بە ڕۆڵی پێشمەرگە بکرێت لە کوشتنی ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعش و والی عێراق و سووریا.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەشڵێت: هۆی بەردەوامیی چالاکییەکانی داعش ئەوەیە، ناتوانرێت کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکرێت کە بۆشایی ئەمنین، دەتوانرێت تەنها بە زانیاریی هەواڵگریی، داعش بێهێز بکرێت.
عەبدولخالق تەلعەت گوتی: داعش کۆتایی بە چالاکییەکانی نایەت و بەردەوام دەبن، هەمیشە مەترسی ڕاستەقینەی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق هەیە.
گوتیشی: دروستکردنی دوو لیوا هاوبەشەکە کە لە شوێنی خۆیان جێگیر بوونە، کاریگەریی بەهێزیان لە سستکردنی داعش هەبووە، هیچ جموجۆڵێکی داعش لەو ناوچەیەی ئەوان نەبووە. دەشڵێت: بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراق کە 560 کیلۆمەترە، بە دوو لیوا کۆنترۆڵ ناکرێت، دەمانەوێت لیواکان زیاد بکەین بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد "هەماهەنگیی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بۆ سستکردنی داعش، بەتایبەتیش هەماهەنگیی نێوان دژە تیرۆری کوردستان و دژە تیرۆری عێراق کە وای کردووە چالاکییەکانی داعش لەزۆر ناوچەدا سست بکرێن."