ترەمپ کاندیدبوونی 'بۆولەر'ـی وه‌كوو نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری بارمته‌كان كشانده‌وه

تره‌مپ كاندیدكردنی ئاده‌م بۆولهری بۆ پۆستی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكای تایبه‌ت به كاروباری بارمته‌كان كشاندووه‌ته‌وه
كۆشكی سپی ئاماژه به‌وه ده‌كات، پۆستی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری بارمته‌كان ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه و پێویستی به ڕه‌زامه‌ندیی كۆنگرێس نابێت.
شه‌ممه، 15ـی ئاداری 2025، كارۆلین لیڤیت، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ كاندیدكردنی ئاده‌م بۆولهری بۆ پۆستی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكای تایبه‌ت به كاروباری بارمته‌كان كشاندووه‌ته‌وه.
كارۆلین لیڤیت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، له‌مه‌ودوا بۆولهر به ناوی "فه‌رمانبه‌ری تایبه‌تی حكوومی" كه پێویستی به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی پیران "كۆنگرێس" نابێت و له ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ ئازادكردنی بارمته‌كانی ژێر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له غه‌ززه به‌رده‌وام ده‌بێت.
لیڤیت گوتووشیه‌تی، بۆولهر ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه له دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی مارك فۆگل له ڕووسیا و هاوكات له ئه‌ركه‌كه‌شی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به نایاسایی ده‌ستگیر كراون.
له لای خۆیه‌وه ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی كۆشكی سپی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، بۆولهر كاندیدبوونی خۆی كشاندووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له لێسه‌ندنه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ی كه كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كات به دوور بگرێت. ئاژانسه‌كه گوتووشیه‌تی، بۆولهر جێی متمانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه.