لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیدا دەیان کەس لە غەززە کوژران و لەنێویاندا ژمارەیەک سەرکردەی حەماس هەن

ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێسەممە 18ی ئاداری 2025، ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی چەند شوێنێکی جیاوازی لە باکووری کەرتی غەززە بۆمباران کرد، بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس و خەڵکی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون. کۆشکی سپیش ئاشکرای کرد، کە ئیدارەی ترەمپ لە هێرشەکان ئاگادار کراوەتەوە.
بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە فەڵەستینییەکان، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا، سوپای ئیسرائیل شوققەیەکی نیشتەجێبوونی لە کەمپی جەبالیا، خانووێکی لە شاری بێت حانوون و چەند شوێنێکی دیکەی لە هەردوو شاری ڕەفەح و خان یونسی باشووری غەززەی بۆمباران کردووە.
هەروەها بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانووی هاووڵاتییان، مزگەوت، قوتابخانە، بنکە و شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ئاوارەکان و کەمپ و خێوەتگەی ئاوارەکانی بۆمباران کردووە و بەهۆیەوەی ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار هەن، کە بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک تەنیا ژمارەی کوژراوان زیاتر لە 200 کەسە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان داوە، لە هێرشەکاندا ژمارەیەک بەپرسی حەماس کوژراون، لەوانە ئەبو عوبێدە جەماسی و عیسام دەعالیس هەن، کە هەردووکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماسن لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی فریاگوزارییەکان. هەروەها مەحموود ئەبو وەتفە، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی سەر بە حەماس یەکێکی دیکەیە لە کوژراوەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ.
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵی ئەکسۆسی ئەمەریکی، لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام سوپای ئیسرائیل پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە بە نهێنی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشێکی وەهادا تووشی سەرسووڕمان بکات.
هەر لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیای ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، ئەو هێرشانەی لە باکووری غەززە کراون، بۆ کوشتنی سەرکردە و بەرپرسە سەربازیی و سیاسییەکانی حەماس بوون.
هەروەها کارۆلین لیفێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیووزی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بەر لە هێرشەکە ڕاوێژی بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە.
بە گوێرەی تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی فەڵەستین لە زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەیان کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و ژمارەیەکی زۆری برینداریش هەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە 19ی کانوونی دووەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی شەڕ ڕێککەوتن.