بۆکان.. بەبۆنەی نەورۆز، منداڵان فێر دەکرێن بایەخ بە ژینگە بدەن

ئەم منداڵانە بۆ داگیرساندنی ئاگری نەورۆز لە شاری بۆکانەوە هاتوونەتە گوندی حەمامیان، مامۆستاکانی ئەم منداڵانە دەیانەوێت ئەو منداڵانە لەگەڵ کولتوور دابونەریتەکانی کوردەواریی تایبەت بە نەورۆز، ئاشنا بکەن.

لەو گەشتەدا، ئەو منداڵانە هەروەها لەسەر کولتووری ژینگەپارێزی ڕادەهێنرێن و هان دەدرێن بۆ نەورۆز ماسیی سوور نەکڕن و واز لەو داب و نەریتانە بهێنن کە پەیوەندییان بە کولتووری کوردەوارییەوە نییە.

هاووڵاتیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە وەکو کولتووری کوردەواری کاتێک بەرەو نەورۆز دەچین، یەکەم هەنگاومان ماڵ هەڵدەگرین و خاوێنی دەکەینەوە و هەندێک کەلوپەلیش دەگۆڕین، بۆیە ئەوشتانەی کە جوانن وەکوو نەریتێک ئەوشتانەی چاکن ڕایانگرین و ئەوانەشی سوودی نییە نەیان هێڵین."

لە بەشێک لە گەشتەکەیاندا منداڵان بۆ 'هەلاوە مەلاوە' دەچنە ناو گوندەکە، ئەوان مژدەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ لە هاووڵاتیان دەکەن و هاووڵاتیانیش بەم بۆنەیەوە دیارییان دەدەنێ.

مامۆستاکانیش دەنکە بەڕوو دەدەن هاووڵاتیان و داوایان لێ دەکەن لە سەری ساڵدا، لە جێی چاندنی سەوزە کە دواتر بە ئاویدا دەدەن و ڕەنگە زیان بە ژینگە بگەیەنێت، ئەو دەنکە بەڕووە لە ناو سروشتی کوردستاندا بنێژن.
هاووڵاتیەکەی دیکە دەڵێت: بەبۆنەی ساڵی تازە و هاتنی نەورۆزەوە ئاگرمان کردەوە، دواتر چووین بۆ دێهاتی حەمامیان، بەڕومان پێدان.

منداڵەکان لەم گەشتەدا لەگەڵ جوگرافیای شارەکەیان و شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی دەڤەرەکەیان ئاشنا دەکرێن. لە کۆتاییی گەشتەکەیاندا بە دەم نەوای گۆرانی و مۆسیقای کوردییەوە، کێکی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی کوردی دەبڕن. دواتر هەرکامیان دیارییەکی نەورۆزانە لە مامۆستاکانیان وەردەگرن بۆ ئەوەی جێژنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی خۆش لە یادەوەرییاندا بمێنێتەوە.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment