کونسوڵی فەرەنسا: ئاکرێ دەرخەری فرەپێکهاتەیی و فرەکولتووری هەرێمی کوردستانە

کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و لەسەر ئاستی خەڵکیش پەیوەندی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەیانەوێت پتەوتری بکەن.
پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئاکرێ چەندین پێکهاتە لەخۆ دەگرێت، موسڵمان و کریستیانیش لەخۆ دەگرێت، دوایین جار سەردانی ئاکرێم کرد، چوومە سەر گردێک کە پەرستگایەکی زەردەشتییەکانی لێبوو، کە دەرخەری ئەوەیە ئاکرێ فرەپێکهاتەیە و دەرخەری فرەپێکهاتەیی و فرەکولتوورییە لە کوردستان و عێراق.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان فەرەنسا, یان برێم دەڵێت: بە دڵنیاییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی زۆر باشمان هەیە، دەزانن فەرەنسا لە گەلی کورد چەند نزیکە و هەستمان سەبارەت بە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان چۆنە، لە ئاستی باڵا و لە ئاستی سەرکردە سیاسییەکانمان پەیوەندیی نایابمان هەیە.
گوتیشی: "سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن زۆر باسی کوردستان دەکات و زوو زوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئەمە تەنیا لەبارەی سیاسەت و ئابووری نییە، بەڵکو لەبارەی پەیوەندییەکانی خەڵک بۆ خەڵکە و ئێمەش دەمانەوێت پتەوتری بکەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی و دیپلۆماتکاران، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی تایبەت بەڕێوەچوو.