حەماس ئامادەیە مەرجەکانی ئاگربەست قبووڵ بکات و ئیسرائیلیش هەڕەشە دەکات

بزووتنەوەی حەماس ئامادەیە مەرجەکانی ئاگربەست لە غەززە قبووڵ بکات و ئیسرائیلیش هەڕەشەی بەردەوامبوونی شەڕ دەکات.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئامادەیی خۆی بۆ قبووڵکردنی هەر پێشنیازێک و مەرجێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەربڕی.

لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: لە هێرشەکانمان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات، هەروەها حەماس باجێکی قورس دەدات ئەگەر ئەم کارە نەکات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، گوتی: دەست بەسەر خاکی غەززەدا دەگرین و حەماس بە تەواویی لەنێو دەبەین.

بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تا ئێستا 59 بارمتەی ئیسرائیلی لە زیندانەکانی حەماس ماون، کە 24ـیان تەندروستییان باش نییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانووستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە بنبەست گەیشت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە ڕایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە، 792 فەڵەستینی کوژراون.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، ژمارەی کوژراوان لە کەرتەکە بۆ 50 هەزار و 144 کوژراو و 113 هەزار و 704 بریندار بەرزبووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment