ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: ساڵی ڕابردوو نزیکەی نۆ هەزار کۆچبەر مردوون

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە دوایین ئاماریدا ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 122 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهان لەژێر گوشاری زۆرەملێ، توندوتیژی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووداوگەلێکی دیکە ئاوارە و پەنابەرن.
ڕێکخراوەکە، باسی لەوەش کردووە، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 5% زیادی کردووە و بە ژمارە دەکاتە پێنج ملیۆن و 300 هەزار کەس.
لە نێوان ساڵی 2012 تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 لە هەر 67 کەس لە جیهان، کەسێک لە ئاوارەییدا ماوەتەوە کە بە بەراورد بە ساڵانی نێوان 2000- 2012 ئەم ڕێژەیە بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە. هەروەها بەگوێرەی ئامارەکە، 87%ـی کۆچبەران لە وڵاتانی کەم داهات و داهات مامناوەندەوە بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیان کردووە.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێوەوڵەتیدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ساڵی 2024 نزیکەی نۆ هەزار کۆچبەر لە ڕێگەکانی کۆچبەری و بەهۆی جیاواز گیانیان سپاردووە.
لەلایەکی دیکە ئاژانسی چاودێری سنوورەکان (فرۆنتێکس) ئـــەوەی خستووەتە ڕوو، لە ماوەی ساڵی 2024دا 239 هەزار کەس چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوەکە، کۆچکردن بەرەو ئەورووپا بە رێژەی 38% کەم بووەتەوە، کە ئەمە بە ڕێژەیەکی پێوانەیی لە سێ ساڵی ڕابردوودا دادەندرێت.
لە ئاماری ئاژانسی فرۆتێکسدا هاتووە: 59%ـی ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە بووە و هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کۆچبەری بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بۆ سەرکەوتنی پارتە راستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 و گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە سنوورەکان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە جگە لە مەرجدارترکردنی وەرگرتنی پەنابەران.
هەروەها لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکوو مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، 30 هەزار و 431 کۆچبەر لە باکووری فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا کە زۆرینەیان لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە بووە.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو حکوومەتی بەریتانیا، بڕی 75 ملیۆن پاوەند واتە 98 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی سنوورەکان تەرخان کرد. پلانەکە بریتییە لە دامەزراندنی ئەفسەری زیاتر بۆ دەزگای سنوورەکان و توندترکردنی ڕێوشوێنەکانی چاودێری ئەمنی.