ئەمەریکا ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتی ئێرانی سزا دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسایەتی سەپاند، کە هاوکاری ئێران دەکەن لە بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک، هاوکات دووپاتیشی کردەوە، کە ئەو سزایانە بەردەوام دەبن.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025, وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمەریکا، سزایان بەسەر شەش کۆمپانیا و دوو کەسایەتی پەیوەندیدار بە ئێران سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی پارچەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی (UAV) بۆ پرۆگرامی درۆنی و مووشەک دابین دەکەن.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، گواستنەوەی درۆن و مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، مەترسییەکی جددی لەسەر خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانکانمان دروست کردووە.
هەروەها جەختیشی کردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بە ئامانجگرتنی ئەو کۆمپانیا و پیشەسازی سەربازییانە کە هاوکاری ئێران دەکەن و مووشەک و درۆن و چەکی دیکە دابین دەکەن بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، دوو کەس لەوانەی سزادراون لە ئێرانن، کۆمپانیایەک لە چینە و چوار کۆمپانیای دیکەش لە ئیماراتن.
هەروەها ئاماژەشی داوە، لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، بووتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەمە دووەم گەڕی سزاکانە بۆ سەر ئەو کۆمپانیانە کە هاوکاری ئێران دەکەن.