تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵکی وڵاتەکە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە تازەترین ڕاپۆرتیدا، هۆشداریی لە مەترسییەکان مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی ناوخۆی سووریا دەدات و بڵاوی کردووەتەوە، تەنیا لە سێ ڕۆژدا بەهۆی مین و تەقەمەنییەکانەوە 20 هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەدا هاتووە، لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا لە دیمەشق بەهۆی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی ناوخۆوە چوار هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان سپاردووە، کە یەکێکیان منداڵە و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە چەند ناوچەیەکی دیکەش هەر بەهۆی تەقینەوەی مین و شەش هاووڵاتیی دیکەی مەدەنی گیانیان سپاردووە.
ڕێکخراوەکە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامارەکان پەیامێکی ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بۆ ئەوەی هەنگاوی بە پەلە بگرنەبەر بۆ هەڵگرتنەوە و لەنێوبردنی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی وڵاتە، تاوەکوو کۆتایی بە مەترسییەکانی سەر ژیانی خەڵکی سووریا بهێنرێت.
هەروەها هۆشداری داوەتە خەڵکی سووریا، بە تایبەت لەو ناوچانەی کشتوکاڵیان تێدا دەکرێت بە وریاییەوە زەوییەکانیان وەبەربێنن، چونکە مین و تەقەمەنییەکان بەشێوەیە ڕەمەکی و بەربڵاو خاکی سووریایان پیس و مەترسیدار کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنیا لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە جیا جیاکانی سووریا 14 کەسی مەدەنی بەهۆی تەقەمەنییەکانەوەی گیانیان سپاردووە، لەنێوایاند سێ کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون، هەر لەو ماوەیەدا 15 کەسی دیکە بریندار بوون.
پێشتریش، لیژنهی خاچی سووری نێودهوڵهتیی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست لە 3ی ئەم مانگە لە ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی مهترسییهكانی مین ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و هۆشداریی له بهرزبوونهوهی ژمارهی قوربانیانی مین له سووریادا و ڕایگەیاند، لهوهتهی ڕژێمی بهشار ئهسهد ڕووخاوە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر له 700 هاووڵاتیی سووری مینیان پێدا تهقیوهتهوه.
هەروەها ئاماژی دابوو، له ساڵی 2024ـدا له سووریا 388 تهقینهوه ڕوویان داوه و بەهۆیەوە 380ـی کەس گیانیان سپاردووە و 900 كهسی دیکەش بریندار بوون.