بەقائی: دڵنیاین وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران تێک نادەن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لە هەڵوێستی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکاتەوە و لە زاری گوتەبێژەکەیەوە ڕادەگەیەنێت، تا ئێستا ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی لەسەر دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەخۆ دەرنەبڕیوە و تاران وەک نێوەندگیر تەنیا سەڵتەنەی عەممانی قبووڵە. ڕایگەیاند، بەم نزیکانە مۆسکۆ میوانداریی گفتوگۆی سێقۆڵی ئێران، ڕووسیا و چین دەکات.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستی ئەمەریکا گەیشتووەتەوە و چاوەڕێی هەنگاوی واشنتن دەکەین بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ.
گوتیشی: ئێران وەک ئەوەی لە دەیەی ڕابردوو لە زنجیرەی دانوستانەکانی دۆسییەی ئەتۆمی ئامادە بووین، ئێستاش هەروا ئامادەین و هیچ گۆڕانێك ڕووی نەداوە، بەڵام هێشتا واشنتن وەڵامی نەداوینەتەوە لەسەر دانوستانی ناڕاستەوخۆ.
لە بارەی ڕۆڵی نێوەندگیر یان لایەنی سێیەم لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی تاران و واشنتن، بەقائی گوتی: وەک پێشینەی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ، ئەگەر دانوستانی نوێ بکرێت، ئەوە سەڵتەنەی عەممان باشترین بژاردەیە بۆ نێوەندگیری دانوستان.
هەروەها ئاماژەی دا، لەسەر پرسی دۆسیەی ئەتۆمی، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی نوێی یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی دیدار و گفتوگۆن، جیا لەمەش بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئێران، ڕووسیا و چین لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت.
بەقائی دەڵێت: هەرگیز کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی تەتۆمییەوە نەبووە، بەڵکو مەبەست و ئامانجی ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمی ڕوون و ئاشکرایە، کە مەبەست لێی پرۆژەی ئاشتی و خزمەتگوزارییە.
سەبارەت بە لەشکرکێشی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە و هەڕەشەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، لە دوای هەڕەشەکانی ترەمپ، گفتوگۆی تەلەفۆنی لە نێوان بەرپرسانی ئێران و بەرپرسانی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە کراوە، هەڵوێستی وڵاتان چارەسەری ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکانە.
هەروەها ئاماژەی دا، کە هەر ئاڵۆزیی و توندتیژییەک زیانی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت. گوتیشی: هێزەکانی ئێران بۆ بەرگریی لە سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئامادەباشی تەواودان و لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، دەستکردنەوەی هێزەکان پێویستی بە هیچ فەرمانێک نییە.
بەقائی لە بارەی وڵاتانی دراوسێی ئێران دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێکە کە ئاسایش و سەقامگیریی ئێران، هەربۆیە ئێران هەرگیز نەچووەتە هیچ بەرەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو بەردەوام جەختی سیاسەتی نیازپاکی دراوسێکانی کردووەتەوە، هەربۆیە لەو بڕوایەداین وڵاتانی دراوسێش هەستیارن و بوار نادەن خراپەکارییەکان ببنە هۆی تێکدانی پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ ئێران.