پەرلەمانتارێک: بەهۆی ڕاگرتنی غازی ئێران، عێراق نۆ هەزار مێگاوات کارەبا لەدەست دەدات

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، عەلا حەیدەری، ڕایگەیاند، ئەو بڕە کارەبایەی کە عێراق بەهۆی ڕاگرتنی غازی ئێران لە هاوینی داهاتوودا لە دەستی دەدات، بەهۆی دەستێوەردانەکانی دۆنالد ترەمپەوەیە لە دۆسییەی ئابووری عێراق.
عەلا حەیدەری بەمیدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "سەبارەت بە دۆسییەی ئابووری عێراق و هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئیستفزازیەکی ڕوون لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە هەیە."
عەلا حەیدەری گوتیشی: "زۆربەی وەزیرەکانی پێشووی نەوت کەمتەرخەمییان کردووە لە نەگەیشتن بە خۆبژێویی غاز بۆ عێراق. واشنتن ئەم کەموکوڕی و لاوازییەی لە دۆسیەی بەرهەمهێنانی غازدا قۆستووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کارەبا."
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە "دامەزراندنی وێستگەیەکی کاتیی بۆ گۆڕینی غاز و پەمپکردنی لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ وێستگە کارەباییەکان، چارەی تەواوی ئەو کێشەیەی ئەمەریکا دروستی کردووە ناکات." ڕاشیگەیاند " لەئەنجامی ڕێگریی لە هاوردەکردنی غازی ئێران، ئەوە عێراق نزیکەی 9 هەزار مێگاوات کارەبا لەدەست دەدات."