ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و ئەردۆغان

پارتی یەکسان و دیموکراسیی گەلان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە لە کەشێکی زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر و ئومێدبەخش بۆ داهاتوو بەڕێوەچوو.
پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە.
شاندی دەم پارتی پێکهاتبوون لە؛ سڕری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرورین بوڵدان، پەرلەمانتاری وڵاتەکە. هەروەها هەریەكە لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای میت و ئەفكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، کە نزیکەی کاتژمێریک و 30 خولەکی خەیاند.
دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی، بنیاتنەر، بەرهەمدار و ئومێدبەخش بۆ داهاتوو بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکەمان لە قۆناغی داهاتوودا بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لە کارەکانیان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا بەردەوام دەبن.
دەشڵێت: بە شانازییەوە هەموو دانیشتووانی وڵاتەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە ئەمڕۆ لە دوێنێ گەشبینیترین بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا.
دەم پارتی، باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە کرایەوە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکەش کرا.
هاوکات دەم پارتی، ڕاشیگەیاند، جەختیشمان لە هێنانە کایەی قۆناغێکی نوێ کردەوە، کە سیاسەت و دیموکراسی تێدا بەهێز بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و ململانێ.