دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند  "دووەمین کەشتی فڕۆکەهەڵگر بۆ پاراستنی ڕەوتی بازرگانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراوە، گەیشتووەتە ناوچەکە، لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا ئێستا هەڵمەتێکی چڕی هێرشکردنە سەر حووسییەکان لە یەمەن دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Carl Vinson (CVN 70) و فڕۆکە جەنگییەکانی F-35C Lightning II لەخۆدەگرێت، شانبەشانی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Harry S. Truman (CVN 75) لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا کاردەکەن.

بە وتەی بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا، ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە دوای دەست پێکردنی نوێترین هەڵمەتی ئاسمانی لە دژی حووسییەکانی سەر بە ئێران، زیاتر لە 100 هێرشی  کردووەتە سەر یەمەن.

حووسییەکان هێرشیان بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەست پێکردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوخەمی گەلی فەڵەستینن لە غەززە.

حووسییەکان دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیان کرد بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و هەروەها خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی ئاگربەستێک لە کەرتی غەززە لە مانگی یەکدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێرشەکانیان ڕاگرت.

ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئادارەوە هەموو هاوکاریی و پێداویستییەکانی بۆ غەززە ڕاگرت و لە 18ی ئاداردا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی فەڵەستین کردەوە و کۆتایی بە ئاگربەستێکی کورتخایەن هێنا.

هەڵمەتە نوێیەکەی ئەمەریکا دوای هەڕەشەکانی حووسییەکان دێت، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە هێرشەکانیان دەست پێ کردەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment