وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەگەر ئەمەریکا هەڕەشەکانی بەلاوە بنێت، دەرفەتی باش بۆ ڕێککەوتن هەیە

مەجید تەخت ڕەوانچی
مەجید تەخت ڕەوانچی

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکییەکان هەڕەشە، ترس و تۆقاندن بەلاوە بنێت، زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕێککەوتن هەیە.

هه‌ینی، 11ـی نیسانی 2025، مەجید تەخت ڕەوانچی، یاریدەدەری کاروباری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سڕبیا ڕایگەیاند، ئەگەر شاندی ئەمەریکا بابەتی لابەلا و ناپەیوەندیدار پەلکێشی دانوستان نەکەن، ئەگەر هەڕەشە و تۆقاندن بەلاوە بنێن، ئەگەرێکی باش هەیە تا ڕێککەوتن بکرێت. 

گوتیشی: کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە دانوستان و ڕێزگرتنی بەرانبەر هەیە، بەڵام هەر جۆرە خۆسەپێنی و کەڵەگاییەک لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕەتکراوەیە و قبووڵی ناکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تەخت ڕەوانچی ئاماژەی داوە، پرەنسیپی سیاسەتی ئێران، هەبوونی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ دراوسێکانی، دەشڵێت: هەر بۆیە دانوستان گرنگترین ستراتیژییە بۆ چارەکردنی کێشە هەرێمییەکان.

بڕیارە سبەینێ، شەممە 12ـی نیسانی 2025، لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان دانوستانی شاندی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و شاندی باڵای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی نوێی دانوستان دەست پێ بکەن.

هەر لەبارەی دانوستانەوە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "سەرەڕای ئەو دوژمنکارییەی ئەمەریکا هەیەتی، بەڵام ئێمە بە نیازپاکی و هۆشیارییەوە دەرفەتێکی ڕاستەقینەی دیپلۆماتی بە ئەمەریکا دەدەین، هەر بۆیە پێویستە ئەمەریکا ئەم هەنگاوە بەرز بنرخێنێت".

هەروەها نووسیویەتی: "نە پێشبینی دەکەین و نە پێش ڕووداوەکان دەکەوین، تەنیا چاوەڕوانین بۆ ئەوەی شەممە، نیاز و جیددیبوونی لایەنی بەرانبەر بزانین، بۆ ئەوەی بتوانین ئامادەکاری بۆ هەنگاوی دواتر بکەین."

 
 
Fly Erbil Advertisment