عەوادی بۆ کوردستان24: ئامانجی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر، پێداچوونەوەیە بە پرسە هاوبەشەکان

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر، لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ و پێداچوونەوەیە بە پرسە هاوبەشەکان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکات.
هاوکات باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر "لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دێت و حکوومەت دەیەوێت ئەم پرەنسیپە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا بپارێزێت."
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا هەولێر، لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەوادی گوتی "سوودانی گفتوگۆ و ڕاوێژ دەکات کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان."
سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق چوار جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جاریان، ڕۆژی 13-11-2024، بوو. ئەو کات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەدا، باسیان لە کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچە لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە. هاوکات دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.