هەولێر و بەغدا جەختیان لە پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە

هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.

سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ .

 

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment