سەرۆک بارزانی بۆ ئافرەتانی کوردستان: بە تواناکانتان داهاتوو بونیاد بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین
سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت، هەموو دەرگا و مەجالێک بۆ ئافرەتی کورد بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕۆڵی خۆی ببینێت.
یەکشەممە، 13-04-2025، بە بەشداریی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
"چالاکییەکی زۆر لەجێی خۆیەتی"
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا، خۆشحاڵی خۆی بە بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان دەربڕی، بە "چالاکییەکی زۆر لەجێی خۆی" ناوی برد و هیواشی خواست، ئەنجامەکانی لە ئاست پێشبینییەکاندابن.
دروشمی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان (بە تواناکانمان داهاتوو بونیاد دەنێین)ـە. سەرۆک بارزانی لەوبارەوە بە ئافرەتانی کوردستانی گوت: "بە تواناکانتان داهاتوو بونیاد بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین."
سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت، هەموو دەرگا و مەجالێک بۆ ئافرەتی کوردی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئاماژەی بەوە دا "زۆر خۆشحاڵم دەبینم ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان لە زانکۆ، لە پەیمانگە و لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە."

ڕۆڵی ئافرەتی کورد لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە ڕۆڵی ئافرەتی کورد لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و شەڕی داعش کرد و وەکوو خۆی گوتی: "ڕۆڵی ئافرەتی کورد، قەت لە ڕۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێک جار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان و لە شەڕی داعش ڕۆڵێکی زۆر زۆر بەرچاویان هەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان. دایک بوو، مامۆستا بوو و جووتیاریش بوو. نانی پێشمەرگە دیسان لەسەر ئافرەتی کورد بوو. پێشمەرگەیەک کە لە جەبهە بوو، دڵنیابوو کە دایکی، خێزانی یان خوشکی چاوی لە منداڵەکانیەتی، نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە. بۆیە هەرچی باسی ئافرەتی کورد بکرێت، هەر کەمە."
سەرۆک بارزانی بە ئافرەتانی کوردستانی ڕاگەیاند "ئێستەش ئەرکێکی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەکردنی ئەم نەوەی نوێ. بەداخەوە ناحەزانی گەلی کوردستان، زۆر هەوڵیان دا، گەنجەکانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، قیمەتی نامێنێت، سەرگەردان دەبێت. ئەو شەڕەی کە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان کرد، بەلای منەوە زۆر زۆر خەتەرتر بوو و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک و فڕۆکە و هەتا کیمیایی و هەتا ئەنفالیش. کاتێک گەنجێک پەروەردە کرا و گەورە بوو کە هیچ وەلائێکی بۆ خاکی خۆی نەبوو بۆ کوێ دەڕوات؟ مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو، سەرگەردانە، بێ قیمەتە و کەس قەدریشی نازانێت. خاکیش ئەگەر مللەتێکی لەسەر نەبێت، هیچ مەعنایەکی نابێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراون."

داوای سەرۆک بارزانی لە ئافرەتانی کوردستان
لەبارەی هۆشیارکردنەوەی دایکان لە پلانی "ناحەزان" بۆ بەلاڕێدابردنی منداڵەکانیان، سەرۆک بارزانی داوای لە ئافرەتان کرد "لەم بوارەدا دەبێت هیمەتێکی زۆر گەورە بکەن، بچنە نێو کۆمەڵگە و دایکان تێ بگەیەنن کە ئەمە خەتەرێکی گەورەیە ڕووبەڕووی ئێمە بووەتەوە، بەداخەوە هەتا حەددێکی زۆر تەئسیری خۆیشی کردبوو، ئێستە باشترە. خۆشحاڵین کە بینیمان بەم دواییانە، هۆشیارییەکی نەتەوەیی لەسەر ڕێگەیەکی ڕاست دەبینرێت، لە ئەورووپا و لە ناو کوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵڵا بەردەوام بێت و بەرەو زیاتریش بڕوات."
سەرۆک بارزانی باسی لە گرنگی و مافی ئافرەتان لە ڕێبازی بارزاندا بە درێژایی مێژوو کرد و دووپاتی کردەوە "گرنگی و مافی مافرەت بۆ ئێمە شتێکی زۆر زۆر پیرۆزە، چونکە پێشی 120 ساڵ، شێخی شەهید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە دوای ئەویش شێخ ئەحمەد، جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەبێت ماف و ڕێزی ئافرەت پارێزراو بێت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێشەوە بچێت. ئێمە سەربەرزین کە دەبینین 120 ساڵ پێش ئێستە لە بارزان بناغەی گرنگی و ڕێزگرتن لە ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت دانراوە."

دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە میانی کۆنفرانسەکە:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
خوشکان و کچانی بەڕێز، ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە لە یەکەم کۆنفرانس بەم شێوەیە. ئومێدەوارم کە ئەنجامەکانیشی لە ئاستی ئەو تەوەقوعاتانە بێت کە هەموومان پێشبینیمان کردووە و ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ لەمەودواش. پێموایە ئەم چالاکییە زۆر لەجێی خۆیەتی و ئینشائەڵلا سەرکەوتوو دەبێت.
لەوانەیە ببێتە دووبارەکردنەوە، بەڵام پێویستە ئینسان بیڵێت. من جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە کە ڕۆڵی ئافرەتی کورد، قەت لە ڕۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێک جار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان و لە شەڕی داعش ڕۆڵێکی زۆر زۆر بەرچاویان هەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان. دایک بوو، مامۆستا بوو، جووتیار بوو. حەقیقەت وایە. ئینجا دەبووایە پێش ئەوەی دونیا ڕووناک ببێتەوە، منداڵەکانی هەڵبگرێت، بیانبات بۆ بن بەردێک یان نێو ئەشکەوتێک لە ترسی ئەوەی کە فڕۆکە بۆمبارانی گوندەکەی بکات. چەندین جاریش وابووە، دایکێک بە منداڵییەوە شەهید بووە.
نانی پێشمەرگە دیسان لەسەر ئافرەتی کورد بوو. پێشمەرگەیەک کە لە جەبهە بوو، دڵنیابوو کە دایکی، خێزانی یان خوشکی چاوی لە منداڵەکانیەتی، نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە. بۆیە هەرچی باسی ئافرەتی کورد بکرێت، هەر کەمە. لە شۆڕشی گوڵانیش هەمان شت و نموونەشمان زۆرن وەکوو دایکە ئامینە، دایکە حەلیمە و دایکە عائیشە. لە شەڕی داعشیش، کچەکانمان هێندە ئازابوون، جێگەی شانازی بوون بۆ ئێمە. چەندین جار خۆیان تووشی شەڕ بوون یان داعش هجومی هێنابوو ئەو شوێنەی ئەوان لێی بوون، شەڕێکی زۆر قارەمانانەیان کرد.
زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان لە زانکۆ، لە پەیمانگە و لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. پێویستە لە هەموو بوارەکان، ئافرەتی کورد ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئێوە شیعارەکانتان جوانە (بە تواناکانمان داهاتوو بونیاد دەنێین) منیش پێتان دەڵێم، بە تواناکانتان داهاتوو بونیاد بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین.
بۆ یەکەم جار لە عێراق کە ئافرەتێک ئیعدام بکرێت، ئەویش کچێکی کورد بوو کە بوو سیمبۆلی تێکۆشان، بەرخۆدان و خۆنەچەماندن، ئەویش لەیلا قاسم بوو. چوونە لای پێیان گوت، نامەیەک بنووسە بۆ ئەحمەد حەسەن بەکر، داوای عەفوو بکە، تۆ کچیت و عەفووت دەکەین. گوتی، ئێوە لەوە کەمترن نامەی عەفووتان بۆ بنووسم، من داوای عەفوو لە میللەتی خۆم دەکەم. نموونەی ئافرەتی کورد زۆر زۆرن. بە ڕاستی هەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەش پەروەردەی دەستی ئەو شێرەژنانە بوون.
ئێستەش ئەرکێکی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەکردنی نەوەی نوێ. بەداخەوە ناحەزانی گەلی کوردستان، زۆر هەوڵیان دا گەنجەکانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، قیمەتی نامێنێت، سەرگەردان دەبێت. ئەو شەڕەی کە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان کرد، بەلای منەوە زۆر زۆر ترسناکتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک و فڕۆکە و هەتا کیمیایی و هەتا ئەنفالیش.
وەختی گەنجێک پەروەردە کرا و گەورە بوو کە هیچ وەلائێکی بۆ خاکی خۆی نەبوو بۆ کوێ دەڕوات؟ مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو، سەرگەردانە، بێقیمەتە و کەس قەدریشی نازانێت. خاکیش ئەگەر میللەتێکی لەسەر نەبێت، هیچ مەعنایەکی نابێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراون.
من داواتان لێ دەکەم لە هەموو کە بوارێکدا ڕۆڵی خۆتان ببینن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت هیمەتێکی زۆر گەورە بکەن، بچنە نێو کۆمەڵگە و دایکان تێ بگەیەنن کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە ڕووبەڕووی ئێمە بووەتەوە، بەداخەوە هەتا ڕادەیەکی زۆر تەئسیری خۆیشی کردبوو، ئێستە باشترە. ئێمە خۆشحاڵین کە بینیمان لەم ماوەی ئاخیری هۆشیارییەکی نەتەوەیی لەسەر ڕێگەیەکی ڕاست دەبینرێت. لە ئەورووپا و لە ناو کوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵلا بەردەوام بێت و بەرەو زیاتریش بڕوات.
بە نیسبەت ئەهەمییەتی ئافرەت و مافی ئافرەت، بۆ ئێمە شتێکی زۆر زۆر پیرۆزە، چونکە پێشی 120 ساڵ، شێخی شەهید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە دوای ئەویش شێخ ئەحمەد، بەردەوام بوون لەوەی کە دەبێت مافی ئافرەت پارێزراو بێت، ئیحتیرامی ئافرەت دەبێت پارێزراو بێت. ئەمە یەکێک بوو لەو ئەسبابانەی کە بە ڕاستی یەعنی بارزان و تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێش ڕۆیشت، چونکە بە هیچ شێوەیەک هەندێک دابونەریتی جاران کە هەبوو، بەداخەوە ئێستەش لە هەندێک شوێن هەر ماوە. بە زۆر شوودانی کچ ئەوپەڕی تاوانە. دەبێت ئارەزوومەندانە بێت، کچ و کوڕ. مەجال بە ئافرەت درا ڕۆڵی خۆی ببینێت، ئافرەت هەستی بە هەبوونی خۆی کرد، بۆیە ئێمە سەربەرزین کە دەبینین ئەو بناغەیە 120 ساڵ پێش ئێستە لە بارزان ئەو مەسەلەی ڕێزگرتن لە ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت و ئەهەمییەتی ئافرەت، هەرلەو وەختەوە لەوێ بناغەی بۆ دانرابوو. بۆ ئێمە جێی سەربەرزی و شانازییە.
سبەینێ ڕۆژی ئەنفالە، سەدان و دەتوانم بڵێم هەزاران دایک لەگەڵ منداڵی زیندەبەچاڵ کران. ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو شەهیدانە و بەتایبەتی ئەو دایکانەی کە بە منداڵەوە زیندەبەچاڵ کران. ئەو چەند گۆڕە بە کۆمەڵەی دۆزرانەوە، چەندان جار بینیمان کە دایک لەگەڵ منداڵەکەی پێکەوە شەهید کراون.
موهیم، دەبێت خەبات بەردەوام بێت، نابێت خۆمان بچەمێنین، دەبێت هەموو دەرگایەک و هەموو مەجالێک بۆ ئافرەت بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی ڕۆڵی خۆی ببینێت و من دڵنیام دەتوانن ڕۆڵی خۆتان ببینن. من جارێکی دیکەش تەکید دەکەمەوە، ئێوە شیعارەکەی خۆتان جێبەجێ بکەن، ئێمەش بە هەموو توانایەکمانەوە لە پشتی ئێوە دەبین.
تەمەنای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان بۆ دەخوازم، سەرکەوتووبن و زۆر سوپاس.