سربیا.. لە داڕووخانی بنمیچی وێستگەی شەمەندەفەرەوە بۆ شەڕی ناو پەرلەمان

دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، دەمەقاڵەیەکی توند لە نێوان پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و وەزیرانی حکوومەت ڕووی دا کە دواتر گەیشتە شەڕە چەپۆک.

سەرەتای ئەم مانگە، بنمیچی وێستگەی شەمەندەفەر لە شاری نۆڤی ساد، داڕووخا و لە ئەنجامدا 15 هاووڵاتی گیانیان سپارد، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵک و پەرلەمانتارانی بەرهەڵستکار؛ کاتێک سەرۆک وەزیران، میلۆش فۆشیفیچ، بودجەی ساڵی 2025 وڵاتەکەی لە پەرلەمان دەخوێندەوە، پەرلەمانتارانی ناڕازی بە فیکە و کەڕەنا لێدان، لێ نەگەڕان وتارەکەی بخوێنێتەوە. ئەوان، لافیتەیان بەرز کردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو " دەستتان بە خوێن سوورە" وەک ئاماژەیەک بۆ کارەساتی داڕووخانی بنمیچی وێستگەی شەمەدەفەر و گیانسپاردنی 15هاووڵاتی. 

لە پاشخانی ئەو کارەساتەدا، دوو وەزیر دەستیان لەکار کێشایەوە و 12 کەسیش دەستگیر کران. بەرهەڵستکاران تۆمەتی گەندەڵی و نەبوونی ڕوونیی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا دەدەنە پاڵ حکوومەت.

ڕادۆمیر لازۆڤیچ، ئەندامی پارتی بەرهەڵستکاری "بەرەی سەوزی چەپ" ڕایگەیاند "دەمەقاڵەکە ئەو کاتە ڕووی دا کە بە لافیتەیەکی بە لەپێکی خوێناویی نەخشاو، لە وەزیرەکان نزیک بوومەوە." 

ئەو هەروا گوتی: زڵاتیپور لۆنچار، وەزیری تەندروستی پەلامارمی دا و شەڕەکە هەموو پەرلەمانی گرتەوە. هەرچەند ئێمە هەوڵمان دا دۆخەکە ئارام بکەینەوە. بەڵام پۆلیس و حزبی پێشکەوتنی سربیی فەرمانڕەوا، وەک هەمیشە، دڕندانە پەلاماری ئێمەیان دا.

سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوخۆی سربیا، وێنە و گرتەی ڤیدیۆییان بڵاو کردووەتەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت چون پەرلەمانتاران بەدەم هاوار و قیژەوە لە یەکتر دەدەن، لە کاتێکدا هەندێک لە پەرلەمانتاران دەیانەوێ ناوبژییان بکەن.

ئانا برنابیچ، سەرۆکی پەرلەمانی سربیا، نەیتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و بەردەوام داوای لە  پەرلەمانتاران دەکرد بگەڕێنەوە سەر کورسییەکانیان و گوتی: ئەمە مایەی شەرمەزاریی ئەم دامەزراوەیە! 

لە دەرەوەی پەرلەمان، هەزاران کەس، دەستیان بەڕەنگی سوور ڕەنگ کردووە و لە خۆپیشاندانێکی گەورەدا داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسان دەکەن، دواتر گرژیی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕووی دا.

 سەرۆکی سربیا، ئەلکساندەر ڤۆچیچ، خۆپیشاندەرانی بە چەقۆکێش و ئاژاوەگێڕ ناو برد، لەهەمانکاتدا هەڕەشەی لێپرسینەوەی لەو کەسانە کرد کە بوونەتە هۆی داڕووخانی بنمیچی وێستگەکە.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment