سەعدی پیرە: لەگەڵ پارتی دیدگای هاوبەشمان بۆ حوکمڕانی هەیە
گوتەبێژی یەکێتی گوتی: پەیوەندییمان لەگەڵ پارتی باشە و لەگەڵیاندا دیدگای هاوبەشمان بۆ حوکمڕانی هەیە و هەردوو لامان بەیەکەوە حوکمڕانین.
چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: وڵاتان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن، هەروەها پێگەی هەرێمەکە بەلایانەوە زۆر گرنگە.
باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی متمانەپێکراو هاتووەتە پێشەوە، هەروەها هەرێمەکە بە هیزی دیپلۆماسی تواناکانی خستووەتەگەڕ و بوونمان بۆ وڵاتان بووەتە زەرووریەت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ، گوتەبێژی یەکێتی، گوتی: ئێمە سەر بە عێراق نین و دەستوور پەیوەندییەکان دیاریی دەکات.
باسی لە هەڵەبجە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەڵەبجە قوربانیی دەستی ڕژێمێکە کە لە بەغدا حوکمی کردووە، هەروەها ئێستا بەغدا ناتوانێت نکۆڵی لە قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجە بکات.
لەبارەی یەکێتی و پارتییەوە، سەعدی پیرە، گوتی: هەردوو لا بەرژەوەندییەکی نیشتمانییان لە ئەستۆیە، هەروەها ئەگەر پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ یەکتر باش نەبێت، بەڵام کە زانیمان بەرژەوەندیی نیشتمانییمان لە مەترسیدایە پێکەوە کۆ دەبینەوە لەسەر یەک مێز و گفتوگۆ دەکەین.
هاوکات گوتیشی: پەیوەندییمان لەگەڵ پارتی باشە و لەگەڵیاندا دیدگای هاوبەشمان بۆ حوکمڕانی هەیە، هەردوولامان بەیەکەوە حوکمڕانین.