پاکستان تا کۆتایی ئەم مانگە 800 هەزار پەنابەری ئەفغانی دەردەکات

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسانی 2025، وەزیری دەرەوەی پاکستان سەردانی ئەفغانستان بکات، دوای ئەوەی وڵاتەکەی تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 85 هەزار ئەفغانی دەرکردووە کە زۆرینەیان منداڵ بوونە.
ئیسلام ئاباد، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەست پێ کردووە کە تاوەکوو کۆتایی مانگی نیسان زیاتر لە 800 هەزار ئەفغانی دەردەکات و مۆڵەتی نیشتەجێبوونیانی هەڵدەوەشێنێتەوە، کە هەندێک لەوانە لە پاکستان لەدایک بوونە، هەندێکی دیکەشیان دەیان ساڵە لەوێ دەژین.
خێزانە ئەفغانییەکان، ڕۆژانە بەرەو شارە سنوورییەکان دەڕۆن، لە ترسی زەلیل بوون و هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردن، یان لێکترازانی خێزانەکان.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە، ئیسحاق دار، دیپلۆماتکاری باڵای پاکستان، لە سەردانێکی یەک ڕۆژەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاڵیبانی ئەفغانستان و حەسەن ئاخوند، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
تەلال چۆدری، جێگری وەزیری ناوخۆی پاکستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هیچ جۆرە ئاسانکاریی یان درێژکردنەوەی وادەی مانەوەیان ناکرێت."
چۆدری، ئاماژەی بەوەش کرد "کاتێک بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک دەگەیتە پاکستان، ئەوە گومانەکان زیاتر دەکات، کە ئایا تۆ لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، پشتگیریکردن لە تیرۆر، یان تاوانی دیکە، تێوەگلاویت؟ "
پێشتر، چۆدری ئەفغانییەکانی بە "تیرۆریست و تاوانبار" تۆمەتبار کردبوو، بەڵام شرۆڤەکاران ئەمە وەک ستراتیجییەکی سیاسیی دەبینین بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان.
گوتیشی: لە سەرەتای مانگی نیسانەوە نزیکەی 85 هەزار ئەفغانی چوونەتەوە ئەفغانستان کە زۆربەیان بەڵگەنامەیان نەبووە.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە ڕایگەیاندووە، زیاتر لە نیوەی ئەو پەنابەرانە منداڵن، هەروەها دەچنە ناو وڵاتێکەوە کە کچان لە خوێندنی ناوەندی و زانکۆکان قەدەغە دەکرێن و ئافرەتانیش لە زۆرێک لە کەرتەکاندا کاریان لێ قەدەغە کراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردووەتەوە، نزیکەی سێ ملیۆن ئەفغانی دوای هەڵاتنیان لە ململانێ یەک لە دوای یەکەکان، پەنایان بۆ پاکستان بردووە.
ماوەی چەندین ساڵە ئیسلام ئاباد، کابولی تۆمەتبار کردووە بەوەی ڕێگەی بە چەکدارەکان داوە پەنا بۆ ئەفغانستان ببەن، لەوێشەوە پلانی هێرشەکانیان دادەڕێژن، بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.
لە ساڵی 2023دا، لە قۆناغی یەکەمی دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانەکان، تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەدان هەزار ئەفغانی بێ بەڵگەنامە بە ناچاری گەڕێنرانەوە.
لە قۆناغی دووەمدا، کە لە مانگی ئاداردا بەڕێوە چوو، حکوومەتی پاکستان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 800 هەزار ئەفغانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئەو کەسانەشی لە پاکستان چاوەڕێییان دەکرد لە وڵاتانی سێیەمدا نیشتەجێ بکرێن، دەبێت تا کۆتایی مانگی نیسان پاکستان جێبهێڵن.