بێستون بەکر: ڕاوی ماسی لە وەرزی زاوزێ، زیان بە سامانی ماسی دەگەیەنێت
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ ڕایگەیاند، ڕاوی ماسی لەوەرزی زاوزێ، زیانی زۆر بە سامانی ماسی دەگەیەنێت، هەرماسیەک بەپێی قەبارەی خۆی، دەیان هەزار گەرای لە سکدایە، ڕاوکردنیان لەم وەرزەدا کاریگەری خراپی دەبی لەسەر زۆربوونی ماسیەکان.
یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕیگەیاند "زۆرینەی ڕاوچییانی ماسی، پابەندن بە بڕیارەکە، کەمینەک ئەگەر پابەند نەبوبێ، شەوانە، بەتایبەت نیوەشەو، دەرفەتی وەرگرتووە و ڕاوی کردووە، ئەگەر لە لایەن برایانی پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەوە ببینرێن، دەستگیر دەکرێن و دەدرێن بەدادگاکان."
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: پۆلیس ڕێکاریان گرتۆتەبەر و لەزۆربەی شوێنەکانی ڕووبەرە ئاوییەکان، خاڵی چاودێریی 24 کاتژمێریان داناوە بەتایبەتی بەنداوەکان و هەروەها لیژنەکانی چاودێریی بازاڕیش، چاودێریی شوێنەکانی فرۆشتنی ماسی دەکەن، جگەلە بەرهەمی کێڵگەکان نابێت ماسیی ڕاوکراو بفرۆشن.
دەشڵیت: سەرپێچیکاران بەپێی یاسای ژمارە 48 ساڵی 1976 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەپێی جۆری سەرپێچیەکە چەندە گەورەتر بێت سزای زیاتر دەبێت لە پێبژاردنەوە تا زیندانی کردن.
ئاماژەی بەوەش دا، ڕاوی ماسی لەوەرزی زاوزێ زۆر زیان بەسامانی ماسیی سروشتی دەگەیەنێت، هەرماسییەک بەپێی قەبارەی خۆی دەیان هەزار گەرای لە سکدایە، ڕاوکردنیان لەم وەرزەدا، کاریگەری خراپی دەبی لەسەر زۆربوونی ماسیەکان.
بێستون بەکر، ڕاشیگەیاند " چەند جۆرێک ماسیمان هەیە، دەگمەنن، ڕاوکردنییان بە درێژایی ساڵ قەدەغەیە بەپێی ڕێککەوتنی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم و حکوومەتی فیدرال."