ئیسماعیل بەقائی: تاران هێشتا بڕوای بە ڕێگەی دیپلۆماسی ماوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە، پابەندن بە دیپلۆماسیەت بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان.
یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی وەک هەمیشە پابەندی دیپلۆماسیەتە وەک رێگەیەکی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکان.
بەقائی دەشڵێت: لەم دۆخەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، تاران هێشتا بڕوای بە ڕێگەی دیپلۆماسی هەیە وەک ڕێگەیەکی دەگمەن بۆ چارەی کێشەکان.
هاوکات سوپاسی ئیتاڵیا و عومانیشی کرد بۆ رێکخستنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا.
شەممە 19ـی نیسانی 2025، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو باڵوێزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا دانوستانیان ئەنجام دا.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی دانوستانەکانی تاران و واشنتن وەڵامی مێدیاکانی وڵاتەکەی دایەوە و گوتی: دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەشێکی ئەرێنی و بنیادنەر بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو 23ـی نیسان، هەردوو وڵات لەسەر ئاستی تەکنیکی لە عوممان دانوستان دەکەن.